پووتین: ئامادەین کار بۆ زیادکردنی متمانە لە نێوان کورد و حکومەتی سووریادا بکەین

05-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، ئامادەن کار بۆ "زیادکردنی متمانە" لە نێوان حکومەتی سووریا و کورددا بکەن، بەڵام هۆشداری دەدات کە "هەوڵەکانی دروستکردنی نیمچە دەوڵەتێک" لە سووریا، "هیچ ئەنجامێکی باشی نابێت."

ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی یەکەم، لە شاری سۆچی، لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی یانەی دانوستاندنی ڤاڵدای قسەی کرد.
 
د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ و وەزیری پێشووی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پرسیاری لە پووتین کرد، کە بۆچی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ لایەنەکانی ململانێی سووریا بەکارناهێنن بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بێنن، لە کاتێکدا کە "هەموو لایەنەکان رێز لە رووسیا و سەرۆک پووتین دەگرن،" سەرۆکی رووسیا لە وەڵامدا گوتی: "لایەنە دژبەرەکانی ململانێی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەش سووریا رێزمان لێدەگرن، دەتوانم پێت بڵێم، ئەوە لەبەرئەوەیە کە ئێمەش رێز لە هەمووان دەگرین."
 
لەبارەی هەوڵەکانی ئاشتی لە سووریا، پووتین باسی لەوە کرد: "ئێمە بەشێکین لە پرۆسەی ئاشتی، ئەو پرۆسەیە لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەبەین."
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "ئێمە ناتوانین لایەنێک بکەینە شوێنگرەوەی لایەنێکی دیکە، ئێمە تەنیا دەتوانین کەشێک دروستبکەین بۆ گفتوگۆ، ئەوەش ئەگەر هەموو لایەنەکان بەلایانەوە پەسەندبوو، ئێمە دەتوانین وەک گەرەنتیکار کاربکەین بۆ رێککەوتنی نێوانیان، لە نێویشیاندا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەماندا کە لە نێو ئەو پڕۆسەیەدان، مەبەستم ئێران و تورکیایە، کە بەشێکن لە دانوستاندنەکانی ئەستانا."
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حکومەت هێزی لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی دژی دەسەڵاتی ئەسەد بەکارهێنا، کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕێکی خوێناوی و چەندین هێزی دەرەکی خزانە نێویەوە. شەڕەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و دەربەدەربوونی نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
 
رووسیا لە ساڵی 2015 بۆ پشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا چووە نێو شەڕەکەوە. 
 
شەڕڤانانی کورد لە ساڵی 2013 بەڕێوەبەرایەتیی راگوزەریان لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی باکووری سووریا راگەیاند و دواتر لە ساڵی 2018 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژئاوای کوردستانیان راگەیاند، هەروەها بە درێژایی جەنگەکە بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئەمریکای نەیاری رووسیا سەرکردایەتیی دەکات، شەڕیان لە دژی داعش و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە کرد. 
 
دیمەشق و مۆسکۆ دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا نانێن و ئەمریکا کە نزیکەی 900 سەربازی لە ناوچەکەدا هەیە، تۆمەتبار دەکەن بەوەی هانی جوداخوازیی کورد دەدات. واشنتن بەردەوام ئەو دەنگۆیانەی رەتکردوونەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی هێزەکانیان لە سووریا، "شەڕی دژی داعشە."
 
لەبارەی ئەوەی کە چۆن مۆسکۆ دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر لە نێوان حکومەتی سووریا و کورد، پووتین گوتی: "بە بڕوای من ئەو دەستوەردانە دەرەکییەکەی کە هەیە، هەروەها هەوڵەکانی دروستکردنی نیمچە دەوڵەتێک بۆ مەبەستی خۆیان، هیچ ئەنجامێکی باشی نابێت،" سەرۆکی رووسیا هەروەها گوتی: "گۆڕینی شوێنی هۆزە عەرەبەکان کە لە رابردوودا لە هەندێ ناوچەی دیاریکراو ژیاون بە مەبەستی دروستکردنی ئەم نیمچە دەوڵەتە، بابەتێکی ئاڵۆزە و تەنیا دەبێتە هۆی درێژەکێشانی ململانێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین بەشداربین لە زیادکردنی متمانە لە نێوان حکومەتی ناوەندیی سووریا و کوردەکان کە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەژین. ئەمە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە