رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، پەیوەندیی "زۆر باش"یان لەگەڵ عێراقدا هەیە، بە تایبەتی لە بواری وزەدا، دەیانەوێت لە بواری لۆجستی و گواستنەوەشدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن، دەشڵێت سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا بۆ مۆسکۆ، "زۆر بەرهەمدار دەبێت."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی یەکەم، لە شاری سۆچی، لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی یانەی دانوستاندنی ڤاڵدای قسەی کرد.
سەبارەت بە پەیوەندیی مۆسکۆ و بەغدا و سەردانێکی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووسیا، لە وەڵامی پرسیارێکی د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ و وەزیری پێشووی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا ، پووتین گوتی: "ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ عێراقدا هەیە و پێشوازی لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ رووسیا."
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقییەوە بڵاویکردەوە کە محەممەد شياع سوودانی 9ی ئەم مانگە دەڕواتە مۆسکۆ و لە 10 و 11ی مانگ لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی رووسیا کۆدەبێتەوە.
مانگی رابردوو، میدیای فەرمیی عێراقی ئاماژەی بەوە کردبوو کە سوودانی بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دەچێتە مۆسکۆ.
لەو بارەیەوە، پووتین بە د. محەممەد ئیحسانی گوت: "زۆر بواری جێگەی بەرژوەندیی هاوبەش هەن" لە نێوان عێراق و رووسیا،"پێش هەمووشیان، لە بواری وزەدا." بەڵام پووتین گوتیشی، "بوارێکی دیکەی گرنگ هەیە لە رووی ئابووریەوە، کە ئەویش پەیوەندیی لۆجستییە، من زۆر ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە؛ بەڵام ئێمە دەزانین کە زۆر بژاردە هەن بۆ پەرەپێدانی زنجیرەی لۆجستی و گواستنەوە و رێگەکان بە نێو عێراقدا، هەموو ئەوانە بۆ ئێمە گونجاون، بەڵام پێویستە ئێمە باشترین پڕۆژەکان هەڵبژێرین، ئامادەشین لەو پڕۆژانەدا بەشدار بین."
قەبارەی وەبەرهێنانی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
سەرۆکی رووسیا لە درێژەی وەڵامەکەیدا گوتی: "سەرۆکوەزیران دێتە ئێرە و خۆشحاڵ دەبین کە لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەم پرسانە بکەین، لە نێویاندا بابەتی ئاسایشی هەرێمی و ئاسایشی نێوخۆی عێراق. بۆ ماوەی چەندین دەیە ئێمە پشتیوانیمان لە هەبوونی پەیوەندیی بەهێز و متمانەپێکراو لەگەڵ عێراق کردووە، زۆر دۆستمان لەوێ هەن، زۆریش تامەزرۆی سەقامگیریی ئەو وڵاتەین، لەسەر بنەمای ئەو سەقامگیرییە، ئابووری و بواری کۆمەڵایەتیش دەتوانن بەرەوپێش بچن،" هەروەها گوتیشی، "چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دەکەین و دڵنیام کە سەردانێکی زۆر بەرهەمدار دەبێت و لە کاتێکی زۆر گونجاودا دێت."
بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی ئۆکراینا رووسیا لە لایەن ئەمریکا خراوەتە ژێر سزای ئابوورییەوە، عێراق ناتوانێت قەرزی کۆمپانیا رووسییەکانی وەک لوئۆیل و گازپڕۆم بداتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانێکی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ بەغدا لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاندبوو کە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی قسەیان لەسەر کردووە، قەرزی کۆمپانیا رووسیەکان بووە، کەو ئەوکات وەزیرە عێراقییەکە باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەغدا لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ دەکات.
22ی ئەیلوول، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا کۆبوونەوە و "باسیان لە ئاسۆکانی پێکەوەکارکردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات لە چەند هەفتەی دواتردا سەردانی مۆسکۆ دەکات.
دەقی پرسیار و وەڵامی د. محەممەد ئیحسان و ڤلادیمیر پووتین:
د. محەممەد ئیحسان: "زۆر شەرەفمەندم و دەرفەتێکی گەورەیە کە لێرەم و راستەوخۆ گوێم لێتان دەبێت بەڕێز پووتین. من کەمێک سەرنجتان دەخەمە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بری ئۆکراینا و دادپەروەری و سیستمی نێودەوڵەتی، من خەڵکی عێراقم، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی مۆسکۆ دەکات، پێموایە تۆ رووبەڕوو لەگەڵیدا کۆدەبیتەوە. ئێستا زۆر کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، لە هەمان کاتدا رۆسنەفت و گازپرۆم پارەیەکی زەبەلاحیان لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێناوە، پێتوایە دەرفەتێک هەبێت کە تۆ یارمەتیی هەردوو لایەن بدەی دانوستاندنی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و یارمەتیی زیاتریان بدەن، چونکە هەندێ لایەنی دیکەی ناوچەکە دەیانەوێت نەوتی زیاتر بە ئاگری ململانێکەدا بکەن و ئاڵۆزتری بکەن. پرسێکی دیکە هەیە دەمەوێت باسی بکەم، ئێستا ئێمە لە کۆتایی ساڵی 2023داین، پێتوانییە کاتی ئەوە هاتووە کە خۆت یارمەتیی هەموو لایەنەکانی سووریا بدەی لە نێویاندا لایەنی حکومەت، لایەنی کوردی، هێزە هەرێمییەکان و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ ئەوەی ئەو ململانێیە کۆتایی بێت، چونکە هەزاران سووری دەربەدەربوون و لە وڵاتەکانی دیکە رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە، لە کاتێکدا هیچ چارەسەرێکی ئاشتییانە و هیچ روانگەیەک نییە بۆ ململانێکە. بە بڕوای من جگە لە تۆ، کەس ناتوانێت ئەوە بکات، چونکە زۆربەی لایەنەکانی ململانێکە رێز لە رووسیا و سەرۆک پووتین دەگرن و ئێوە پەیوەندیی باشتان لەگەڵیاندا هەیە، پێموایە کاتی ئەوە هاتووە کە نەک دەستوەردان، بەڵکو نێوەندگیری لە نێوانیاندا بکەن. دووبارە زۆر سوپاس."
ڤلادیمیر پووتین: "تۆ گوتت تەنانەت لایەنە دژبەرەکانی ململانێی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەش سووریا رێزمان لێدەگرن، دەتوانم پێت بڵێم، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێمەش رێز لە هەمووان دەگرین. لە بارەی سووریاشەوە، ئێمە بەشێکین لە پرۆسەی ئاشتی، ئەو پرۆسەیە لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەبەین، ئێمە ناتوانین لایەنێک بکەینە شوێنگرەوەی لایەنێکی دیکە، ئێمە تەنیا دەتوانین کەشێک دروستبکەین بۆ گفتوگۆ، ئەوەش ئەگەر هەموو لایەنەکان بەلایانەوە پەسەندبوو، ئێمە دەتوانین وەک گەرەنتیکار کاربکەین بۆ رێککەوتنی نێوانیان، لە نێویشیاندا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەماندا کە لە نێو ئەو پڕۆسەیەدان، مەبەستم ئێران و تورکیایە، کە بەشێکن لە دانوستاندنەکانی ئەستانا. ئێمە لەم کارەدا بەردەوامبووین و کاریگەرییەکی ئەرێنی و زۆر دەستکەوتی هەبووە، لەوانەش ئاگربەست و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەی ئاشتی.
ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و بە هەبوونی نیازپاکیی سەکردایەتیی سووریاوە ئەو کارەمان کرد. بێگومان هێشتا زۆر شت ماون بکرێن. بە بڕوای من ئەو دەستوەردانە دەرەکییەکەی کە هەیە، هەروەها هەوڵەکانی دروستکردنی نیمچە دەوڵەتێک بۆ مەبەستی خۆیان، هیچ ئەنجامێکی باشی نابێت. گۆڕینی شوێنی هۆزە عەرەبەکان کە لە رابردوودا لە هەندێ ناوچەی دیاریکراو ژیاون بە مەبەستی دروستکردنی ئەم نیمچە دەوڵەتە، بابەتێکی ئاڵۆزە و تەنیا دەبێتە هۆی درێژەکێشانی ململانێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین بەشداربین لە زیادکردنی متمانە لە نێوان حکومەتی ناوەندیی سووریا و کوردەکان کە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەژین.
ئەمە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە. من لێرە هەوڵدەدەم کە زۆر بە هۆشیاری قسە بکەم چونکە هەموو وشەیەک گرنگە. ئەوە یەکەمیان، دووەمیان ئەگەر باسی عێراق بکەین: ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ عێراقدا هەیە و پێشوازی لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ رووسیا. راستە کە زۆر بواری جێگەی بەرژوەندیی هاوبەش هەن، پێش هەموو شتێک، لە بواری وزەدا، بەڵام بوارێکی دیکەی گرنگ هەیە لە بواری ئابووریدا، کە ئەویش پەیوەندیی لۆجستییە، من زۆر ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە؛ بەڵام ئێمە دەزانین کە زۆر بژاردە هەن بۆ پەرەپێدانی زنجیرەی لۆجستی و گواستنەوە و رێگەکان بە نێو عێراقدا، هەموو ئەوانە بۆ ئێمە گونجاون، بەڵام پێویستە ئێمە باشترین پڕۆژەکان هەڵبژێرین، ئامادەشین لەو پڕۆژانەدا بەشدار بین. سەرۆکوەزیران دێتە ئێرە و خۆشحاڵ دەبین کە لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەم پرسانە بکەین، لە نێویاندا بابەتی ئاسایشی هەرێمی و ئاسایشی نێوخۆی عێراق. بۆ ماوەی چەندین دەیە ئێمە پشتیوانیمان لە هەبوونی پەیوەندیی بەهێز و متمانەپێکراو لەگەڵ عێراق کردووە، زۆر دۆستمان لەوێ هەن، زۆریش تامەزرۆی سەقامگیریی ئەو وڵاتەین، لەسەر بنەمای ئەو سەقامگیرییە، ئابووری و بواری کۆمەڵایەتیش دەتوانن بەرەوپێش بچن. ئێمە چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دەکەین و دڵنیام کە سەردانێکی زۆر بەرهەمدار دەبێت و لە کاتێکی زۆر گونجاودا دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ