جیهان
پاشماوەی درۆنێکی تێکشاوی ئێرانی کە رووسیا سوپای ئۆکراینای پێ بۆردوومان کردووە لە ئۆدێسا، وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
هێزەکانی رووسیا ناوچەیەکی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بە درۆنی ئێرانی دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک بریندار دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 05ی تشرینی یەکەمی 2022، ئۆلێکسی کۆلیبا، حاکمی شاری بیلا تسێرکڤا کە نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە شاری کیێڤی پایتەختەوە دوورە، ئاشکرایکرد کە رووسیا بە شەش هێرشی درۆنی ئێرانی لە جۆری شاهید - 136 ئەو شارەی کردووەتە ئامانج.
کۆلیبا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تێلەگرام ئاشکرایکردوو کە درەنگانی شەوی سێشەممە، رووسیا لە رێگەی درۆنی شاهید-136 کە بە درۆنی کاماکازی-ش ناسراوە، ئەو شارەی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج و شەش هێرشی درۆنی ئەنجامدراوە.
کۆلیبا هەروەها دەڵێت "لە ئەنجامی ئەو هێرشانە کەسێک بریندار بووە و ژێرخانی شارەکەش زیانی پێگەیشتووە".
لە سەرەتای هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا، رووسیا درۆنی ئێرانی بەکارهێناوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مۆسکۆ بە سەدان درۆنی لە ئێران کڕیون و لە ئۆکراینا بەکاریهێناون.
هەروەها مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، بەگوێرەی رێککەوتنێک لەنێوان ئێران و رووسیا، ئەفسەرانی رووسی لە ئێران مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە، 04ی تشرینی یەکەمی 2022، ئیدارەی بایدن ئاشکرایکرد کە بە بەهای 625 ملیۆن دۆلار چەک رەوانەی ئۆکراینا دەکات کە لەنێو ئەو هاوکارییە نوێیانەی واشنتن، سیستمی پێشکەوتووی مووشەکی رۆکێتی تێدایە کە رووسیا هۆشداریداوە بە دابینکردنی ئەو جۆرە چەکانە بە ئۆکراینا، رەنگە جەنگەکە فراوانتر بکات.
ئەم هاوکارییە نوێیەی واشنتن بۆ ئۆکراینا، لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بایدن و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی هات کە بایدن رایگەیاندبوو وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ئۆکراینا بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی و رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا.
لە سەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022وە، ئەمریکا 16.8 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بۆ سوپای ئۆکراینا دابینکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ