رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاگادار کراوەتەوە کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز و کارمەندی ئەمریکا و هاوپەیمانان. هاوکات، هەڕەشەی وەڵامدانەوەش دەکات.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر بڵاویکردەوە، دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا، جۆ بایدن، سەرۆکی وڵات و کامالا هاریسی جێگری لەو هێرشە ئاگادارکراونەتەوە و "تاتوێی ئەو هەنگاوانە کرا بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانمان و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر کارمەندەکانمان دەنێین بەو شێوازە و لەو شوێنەی خۆمان دەمانەوێت."
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "ئەمڕۆ لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانییەوە سەرۆک بایدن و کامالا هاریس، جێگری سەرۆک لەبارەی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادارکرانەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو هەڕەشانەی کە ئێران و هێزەکانی سەر بەوەوە دەیکەنە سەر ئیسرائیل و کارمەند و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا."
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. کۆشکی سپی دەڵێت، ئەنجوومەنی ئاسایشیان بەردەوام دوایین زانیاری لەو بارەیەوە بە سەرۆک و جێگرەکەی دەدەن.
پێشتر، شەوی دووشەممە، 05-08-2024، گوتەبێژێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد."
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتی: "هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەک لە سەرباز و کارمەندمان برینداربوون." گوتیشی، ئێستا تیمە سەربازییەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە بۆ سەر بنکەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا پێشتر گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکەیە.
لەسەرەتای جەنگی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەو گرووپە چەکدارانە، زیاتر لە 150 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و جارێکیش لە ئوردن.
لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکاش، چەندینجار بنکەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ