رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فەرەنسا رۆژی دووشەممە، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسند کرد بۆ چەسپاندنی مافی لەباربردنی منداڵ لە دەستووری وڵاتەکەیدا. ئەوەش ناڕەزایەتیی پارتە راستڕۆکانی لێکەوتەوە و ڤاتیکانیش بە روونی دژایەتیی خۆی لەبەرامبەر دەربڕی.
ئەم هەنگاوە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەوە پێشنیارکرا وەک رێگەیەک بۆ رێگریکردن لەو شتەی کە بە "پاشەکشەی مافەکانی منداڵ لەباربردن" ناودەبرێت و لە ساڵانی رابردوودا لە ئەمریکادا بینراوە.
پڕۆژە یاساکە 780 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 72ی نەخێر لە کۆشکی ڤێرسای پەسند کرا.
هەر لەدوای راگەیاندنی بڕیارەکە، ڤاتیکان لە راگەیێندراوێکدا دژایەتیی خۆی بۆی دەربڕی.
ڤاتیکان کە ناوەندی کریستییانەکانی جیهانە و شوێنی پاپا فرانسیسە، دەڵێت: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ژیان لە مرۆڤێک بسەنێتەوە."
لەباربردنی منداڵ لە فەرەنسا لای زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی فەرەنسا پشتگیرییەکی بەرفراوانی هەیە و لە ساڵی 1975ـەوە بە یاسایی کراوە.
ئەگەرچی خۆپیشاندەران لە دەرەوەی دانیشتنە هاوبەشەکەی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی پەرلەمانەکە وەستابوون، دیمەنی خۆشی و ئاهەنگگێڕان لە سەرانسەری فەرەنسادا دەبینرا.
چالاکڤانانی مافی ژنان ستایشی هەنگاوەکەیان کرد، هەنگاوێک کە ماکرۆن چەند کاژێرێک دوای بڕیارێکی ساڵی 2022 دادگەی باڵای ئەمریکا بە سەرپشکردنی ویلایەتەکان لە قەدەخەکردنی لە باربردنی منداڵ، دایبوو.
بڕیارەکەی ئەمریکا لە سەرانسەری ئاسۆی سیاسی ئەوروپادا دەنگی داوەتەوە و وایکردووە ئەو پرسە لە هەندێک وڵاتدا بگەڕێتەوە نێو مشتومڕ و گفتوگۆی گشتی لە کاتێکدا کە پارتە ناسیۆنالیستە راستڕەوە توندڕەوەکان تاوەکو دێت هێز و کاریگەرییان زیاتر دەبێت.
هەردوو ئەنجوومەنەکەی پەرلەمانی فەرەنسا، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، بەجیا پڕۆژەیاسایێکیان پەسەندکردبوو بۆ ئەوەی مادەی 34ی دەستووری فەرەنسا هەموار بکەنەوە.
بەڵام چەسپاندنی هەموارکردنەکە پێویستی بەوە بوو بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگ لە دانیشتنێکی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکەدا پەسند بکرێت.
ئەمەی فەرەنسا کردی هەنگاوێک زیاترە لەوەی کە یوگۆسلاڤیای پێشوودا روویدا، کە لە دەستووری ساڵی 1947یدا هاتووە: "مرۆڤ ئازادە بڕیار لەسەر منداڵبوون بدات".
یوگۆسلاڤیا لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا هەڵوەشایەوە و هەموو ئەو دەوڵەتانەشی لێی دروستبوون لە دەستوورەکانیاندا رێوشوێنی هاوشێوەیان گرتووەتەبەر کە بە شێوەیەکی یاسایی رێگە بە ژنان دەدات منداڵەکانیان لەبارببەن، هەرچەندە بە روونی گەرەنتیی ئەوە ناکەن.
لە پێش دەنگدانەکەدا، گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا گوتارێکی پێشکەش بە پەرلەمانتارەکان کرد کە ژمارەیان لە 900 کەس زیاتر بوو، داوای لێکردن فەرەنسا بکەنە پێشەنگ لە مافەکانی ژنان و نموونەیەک بۆ وڵاتانی جیهان.
ئاتال گوتی: "ئێمە ئەرکێکی رەوشتیمان هەیە بەرامبەر بە ژنان."
هاوکات، رێزی خۆی بۆ سیمۆن ڤەیل دەربڕی کە پەرلەمانتارێکی دیار و وەزیری تەندروستیی پێشووتر و فێمینیستێکی سەرەکی بوو و لە ساڵی 1975 پاڵپشتیی ئەو پڕۆژە یاسایەی کرد کە لەباربردنی منداڵی لە فەرەنسا بە تاوان نەناساند.
ئاتال لە گوتارێکدا گوتی: "ئێمە دەرفەتی گۆڕینی مێژوومان هەیە. سەری سیمۆن ڤەیل بەرزبکەنەوە".
هیچ یەک لە پارتە سیاسییە گەورەکانی فەرەنسا مافی لەباربردنی منداڵیان نەخستووەتە ژێر پرسیارەوە، لەنێویاندا پارتی راستڕۆی گردبوونەوەی نیشتمانی کە مارین لۆپێن سەرکردایەتیی دەکات.
لۆپێن کە دوو ساڵ لەمەوبەر ژمارەیەکی پێوانەیی لە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنا، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند پارتەکەی بەنیازە دەنگ بە پڕۆژە یاساکە بدات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێویست ناکات ئەم رۆژە بکرێتە رۆژێکی مێژوویی".
راپرسییەکی ئەم دواییە دەریخستووە کە پشتگیری لە مافی لەباربردنی منداڵ لەنێو خەڵکی فەرەنسادا زیاتر لە 80% بووە.
ئەمەش لەگەڵ راپرسییەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە. هەروەها هەمان راپرسی دەریخست کە زۆرینەیەکی تۆکمەی خەڵک لەگەڵ چەسپاندنی مافەکە لە دەستووردان.
سەتان خۆپیشاندەری دژە لەباربردنی منداڵ پێش دەنگدانەکە لە ڤێرسای کۆبوونەوە، هەندێکیان پۆستەرێکیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو: ''منیش کۆرپەلە بووم''.
جەماوەرێکی زۆرتر لەوان کە لە چالاکڤانانی مافی ژنان پێکهاتبوون، لە ترۆکادێرۆ پلازا لە بەرامبەر تاوەری ئیفڵ کۆبوونەوە و هاوارێکی بەکۆمەڵیان لە خۆشیدا دەربڕی کاتێک ئەنجامی دەنگدانەکەی پەرلەمان ئاشکراکرا ، هەندێکی دیکەش لە سەرانسەری فەرەنسا تەنانەت پێش دەستپێکردنی دانیشتنی هاوبەشی پەرلەمان ئاهەنگیان گێڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ