هاوژینی کیم کارداشیان: دەنگم بەو کەسە دا، کە متمانەم پێیەتی

04-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کانیی ویست هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کانیی ویست، راپەری ئەمریکی، لە دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکان دەڵێت دەنگی بەخۆیدا.
 
ویست کە هاوژینی کیم کارداشیان، خانمی بەناوبانگی ئەمریکییە، لە شاری چارلستۆن لە ویلایەتی ساوس کارۆلایناوە، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی خۆی دەستپێکردبوو.
 
کەس پێشبینی سەرکەوتنی ویستی بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن نەدەکرد، بەڵام پێشبینیدەکرا هەندێک لە دەنگی رەشپێستەکانی ئەمریکا بۆ خۆی ببات.
 
راپەرە ئەمریکییەکە لە توویتەری خۆی شەوی رابردوو نووسی: "یەکەمجارە لە ژیانمدا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگدەدەم، بێگومان دەنگم بە کەسێکدا کە متمانەی تەواوم پێیەتی.. ئەو کەسەش خۆمم". دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە دەریدەخات لە ناوچەی کودی لە ویلایەتی وایۆمینگ بەشداری لە دەنگداندا دەکات.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لای میدیای ئەمریکی، کیم کارداشیانی هاوژینی ویست، پێناچێت هیچ پشتگیرییەکی بۆ باوکی منداڵەکانی دەربڕیبێت، چونکە ئەو لە هیچ دەرکەوتنێکی گشتیدا پشتگیری خۆی بۆ هاوژینەکەی دەرنەبڕیوە. لە کاتێکدا دوێنێ سێشەممە تویتێکی کامالا هاریس، بەربژێری پارتی دیموکراتی بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا ریتویتکردەوە.
 
ویستی 43 ساڵ، پێشتر یەکێکبوو لە دیارترین هەوادارەکانی ترەمپ. لە تەمووزی رابردوودا هەڵمەتەکانی خۆبەربژێرکردنی دەستپێکرد، پارتێکی بەناوی 'پارتی لەدایکبوون'، 'بێرسدەی پارتی' دامەزراند و خۆی سەرۆکایەتی دەکرد. هەندێک لێدوانیدا وایکرد میدیاکانی ئەمریکا گومان لە توانا عەقڵییەکانی بکەن.
 
ئەو راپەرە براوەیەی 21 خەڵاتی گرامیی بەدەستهێناوە، ساڵی 2018 رایگەیاند نەخۆشیی 'بیپۆلار دیسۆەردەر'، یان 'تێکچوونی دووانەیی' هەیە، کە جۆرێکە لەنەخۆشییە دەروونییەکان و دەبێتە گۆڕانی خێرا لە ئاوەزی مرۆڤدا لە باشەوە بۆ خراپ و بەپێچەوانەوە.
 
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، پەیوەندییەکانی نێوان ویست و کارداشیان لەباشیدا نییە، بەتایبەت کە دەرکەوتنیان پێکەوە لە شوێنە گشتییەکاندا یەکجار کەمبووەتەوە و لە چەندین هەڵوێستی جیاوازدا، لە دژی یەک وەستاونەتەوە.
 
ویست پێشتر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و کەمپەینکردن، بڕی 6،7 ملیۆن دۆلاری قەرزکردبوو، بەڵگەنامەی ئەو قەرزەی پێشکێشی لیژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردبوو. ئەو هەروەها هەندێک لێدوانی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بەها ئاینییەکان، لەباربردن و خێزانەوە دەربڕیبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە