کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی کوردستان چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات

04-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات و بڕیارە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکە راپۆرتێک لەوبارەیەوە بداتە کۆمیسیۆن.

کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، شاندێکی کۆمیسیۆن لەو وڵاتەن، شاندەکە لە دوو بەڕێوەبەری گشتی پێکدێت، بڕیارە تێبینی و خاڵەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن لەلای خۆیان تۆماربکەن و دواتر بیکەنە راپۆرت و بۆ کۆمیسیۆنی بەرزبکەنەوە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمیسیۆنەکانی هەڵبژاردنی وڵاتان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەشدارن، "بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بەشداری لە پڕۆسەی چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا نەکردووە."
 
وادەی کۆمیسیۆن بەسەرچووە و ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، کاروان جەلال لەو بارەیەوە دەڵێت: "ماوەی کۆمیسیۆن کە بەسەرچووە، تایبەتە بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و کارگێڕیی هەڵبژاردن، ئەو دوو کەسەی بە نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆن چاودێری دەکەن وەکو فەرمانبەر کاری ئاسایی خۆیان دەکەن و جیاوازە لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، جگە لەوە پەرلەمان کارا نییە بۆ ئەوەی ئەنجوومەن هەڵبژێرێتەوە و ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران هەڵبژێردرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەمموز هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، کە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە لە دوای دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە لە 650 بازنە و بۆ هەڵبژاردنی 650 نوێنەرە. 
 
لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بازنەکە دەباتەوە، تەنانەت ئەگەر 50٪ـش تێنەپەڕێنێت. ئەمەش وایکردووە دوو پارتی هەرە گەورەی وڵاتەکە، واتە پارێزگاران و کار، لە هەموو هەڵبژاردنێکدا باڵادەست بن، چونکە بۆ پارتە بچووکەکانی دیکە، زەحمەتە کورسی بەدەستبێنن، مەگەر لە شوێنێکی دیاریکراو نەبێت کە جەماوەرەکەیان تێدا چڕ بووبێتەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە