رووداو دیجیتاڵ
سەلوان مۆمیکا، ئەو کەسەی پار لە سوێد چەندجارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند، لە نەرویج دەستگیرکرا و ئەگەری ئەوە هەیە دیپۆرتی سوێد بکرێتەوە.
مۆمیکا کریستیانێکی عێراقییە و هاوینی رابردوو چەندجارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند کە ناڕەزایی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، سوێدی بەرەو نەرویج جێهێشتووە بۆ ئەوەی لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی بکات.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگەی هەرێمیی ئۆسلۆ کە ئەمڕۆ ئاشکراکراون، ئەو کەسە لە 28ی ئادار، واتە رۆژێک دوای گەیشتنی بە نەرویج، دەستگیرکراوە.
رۆژی 30ی ئادار، تۆمەتبارەکە دادگەییکراوە و بڕیاردراوە چوار هەفتە بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە. سوێد چاوەڕوانی وەڵامی نەرویجە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا، مۆمیکا وەربگرێتەوە.
بڕیاری دادگە دەڵێت: "یەکسەر دوای فەراهەمبوونی هەلومەرجی فەرمی و کارگێڕی، دیپۆرتکردنەکە جێبەجێ دەکرێت."
پۆلیس داوای کردبوو مۆمیکا لەو ماوەیەدا بەپێی یاسای کۆچی وڵاتەکە بە بەندکراوی بمێنێتەوە، چونکە گومان دەکرێت وەک کەسێکی بیانی، خۆی لە دیپۆرتکردنەوە بدزێتەوە.
سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو کەسەوە، تووڕەیی و سەرکۆنەی وڵاتانی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتەوە. تەممووزی پار، خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە بەغدا دوو جار هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و جاری دووەم ئاگریان تێدا کردەوە.
حکومەتی سوێد بێڕێزیکردن بە قورئانی سەرکۆنە کرد، بەڵام جەختی لە یاساکانی وڵاتەکەی بۆ ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان کرد.
لە نێوەڕاستی ئابی هەمان ساڵدا، ئاژانسی هەواڵگریی سوێد ئاستی هۆشیاری لە بەرامبەر تیرۆردا بەرزکردەوە و گەیاندە پلەی چوار لەسەر پێنج.
ئۆکتۆبەری پار، ئاژانسی کۆچبەرانی سوێد مۆڵەتی نیشتەجێبوونی مۆمیکای هەڵوەشاندنەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە لە داواکەیدا زانیاریی ناڕاستی پێشكێشکردبوو، بەڵام نەیتوانی دیپۆرتی عێراق بکاتەوە چونکە "بەربەستێک لە بەردەم جێبەجێکردنیدا" هەبوو، بۆیە مۆڵەتی مانەوەی کاتیی پێ دا. مانگێک بەر لەوە، عێراق داوای رادەستکردنەوەی کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ