رووداو دیجیتاڵ
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە گوتی، دواخستنی بەئەندامبوونی وڵاتانی رۆژئاوای بەڵقان لە یەکێتیی ئەوروپا، وادەکات رووسیا "دزە بکاتە" نێو ئەو وڵاتانە.
بێربۆک لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێنانی ئەو شەش وڵاتەی ناوچەکە بۆ ژێر رکێفی خۆمان لە کاتێکدا کە هەوڵدەدەن بێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا، پێویستییەکی جیۆسیاسییە بە رووی ئیمپریالیزمی دڕندانەی رووسیادا."
خانمە وەزیرەکە پێش ئەوەی بەرەو رۆژئاوای بەلقان بەڕێکەوێت، گوتی: "ناتوانین رێگە بە هەبوونی هیچ ناوچەیەکی خۆڵەمێشی لە ئەوروپا بدەین و پێویستە پێکەوە هەر شتێکمان لەدەستبێت بیکەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بپارێزین کە رووسیا دەتوانێت بۆ ناسەقامگیرکردن، بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دزەکردن بەکاریانبێنێت."
بێربۆک ئاماژەی بەوە کرد کە پشتیوانیکردنی ناوچەکە دەکرێت لە رێگەی "بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، باشکردنی خۆڕاگرییان و رەخساندنی دەرفەتی ئابوورییەوە دەبێت بۆ خەڵکەکەیان."
بێربۆک رۆژی دووشەممە بەرەو مۆنتێنێگرۆ بەڕێکەوت، بۆئەوەی دواتر لەوێوە بڕواتە بۆسنیا.
جەنگی ئۆکراینا وایکردووە کە یەکێتیی ئەوروپا بیر لە فراوانبوونی خۆی بەرەو نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکاتەوە.
لە دیسێمبەری 2022، بۆسنیا بووە پێنجەم وڵاتی بەلقان لە دوای مەسەدۆنیای باکوور، مۆنتێنێگرۆ، سڕبیا و ئەلبانیا کە ببێتە بەربژێری بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا.
کۆسۆڤۆش لە ساڵی 2022 داواکاریی پێشکێشکرد بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێر، بەڵام هێشتا ئەو تایبەتمەندییەی پێ نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ