رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر لوبنان و تەقینەوەکەی ئێران، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرەنسا لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا داوا دەکەن هەنگاوی پێویست بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ چوارشەممە، قسەی لەگەڵ کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردووە و داوایان کردووە کە رێگری لە فراوانبوونی جەنگی غەززە و زیادبوونی گرژییەکان لە لوبنان و ئێران بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوو وەزیر گرنگیی رێکارەکانی رێگریکردن لە فراوانبونی ململانێی غەززە تاوتوێکرد، لەنێویاندا، هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان لە لوبنان و ئێران."
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدا دێت کە بڕیارە بلینکن سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە، کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، دەبێتە چوارەم سەردانی.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشتر داوایکردبوو کە ئیسرائیل گرژییەکان زیاد نەکات، "بە تایبەتی لە لوبنان،" کە ئیسرائیل گومانبارە بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی لە رۆژی سێشەممەی رابردوو کە بووە هۆی کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای حەماس.
ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان زانیاریی پێشوەختتیان نەبووە لە بارەی هێرشەکەی لوبنان، بەڵام پێیوایە ساڵح عاروری، سەرکردەی ژمارە دووی حەماس، کە لەو هێرشەدا کوژرا، "تیرۆرستێکی دڕندە" بووە.
لە ئێران، رۆژی چوارشەممە، لە پارێزگەی کرمان، دوو تەقینەوە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 84 کەس برینداربوونی دەیانی دیکە، لە کاتێکدا کە قەرەباڵخیێکی گەورەی خەڵک بەشدارییان لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان دەکرد، کە ساڵی 2020 بە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق کوژرا.
بەرپرسێکی ئەمریکی لە بارەی دوو تەقینەوەکەی کرمانەوە گوتی، "ئەمریکا و ئیسرائیل لێی بەرپرس نین، بەڵکو پێدەچێت هێرشەکە لە لایەن داعشەوە کرابێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی دوێنێی ئێران راگەیاند و گوتی، "تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن دوو خۆکوژەوە کراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ