دامودەزگاکانی ئەمریکا دەکەونە بەر هێرشی سایبەریی هاککەرانی ئێرانی

03-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک دامەزراوەی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەڵێن، هاککەرانی سەر بە حکومەتی ئێران چەندین دامەزراوەی ئەمریکییان هاککردووە، لەبەرئەوەی لەو دامەزراوانەدا ئەو ئامێرانە بەکارهێنراون کە لە ئیسرائیل دروستکراون.
 
فەرمانگەیەکی بچووکی ئاو لە رۆژئاوای ویلایەتی پەنسلڤانیا دوایین دەزگەی ئەمریکی بوو کە کەوتە بەر هێرشە سایبەرییەکە. 
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا - ئێف بی ئای، ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا، ئاژانسی ژێرخان و ئاساییشی سایبەریی ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی سایبەری ئیسرائیل دەڵێن، "قوربانیانی" هێرشە سایبەرییەکانی هاککەرانی ئێرانی "لە چەندین ویلایەتی ئەمریکان."
 
ئەو ئاژانسانە باسیان لەوە نەکردووە کە بە دیاریکراوی چەند دامەزراوە هاککراون یان کێن. 
 
فەرمانگەی ئاوی شاری ئەلیکویپای پەنسلڤانیا لە 25ـی تشرینی یەکەم زانیبووی کە هاککراوە. ماتیو مۆتێس، بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەڵێت، بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا پێیان راگەیاندووە کە هەمان گرووپی هاککەرەکان دزەیان کردووەتە نێو سیستمی چوار دامەزراوەی دیکە و باخچەی گیانەوەرانی دەریایی.
 
شارەزایانی بواری ئاسایشی سایبەری دەڵێن، ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران دەستی لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووبێت، چاوەڕێ دەکەن هاککەرانی سەر بە ئێران و ئەوانەشی کە لایەنگری فەلەستین دەکەن، هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی زیادبکەن. 
 
ئاژانسە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن، تەنیا فەرمانگە و دامەزراوەی تایبەت بە سەرچاوە ئاوییەکان هاک نەکراون، بەڵکو شوێنەکانی دیکەش کە هەمان ئامێری ئیسرائیلی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاو بەکاردێنن، کەوتوونەتە بە هێرشە سایبەرییەکە، لەوانەش دامەزراوەکانی "بەرهەمهێنانی وزە، خۆراک و خواردنەوەکان و چاودێریی تەندروستی."
 
ئەو ئامێرانەی کە هاککراون بەرپرسن لە رێکخستنی گوشار، پلەی گەرمی و بڕی دەردانی ئاو. 
 
هاککردنی ئەو ئامێرانە لە فەرمانگەی ئاوی ئەلیکویپا بووە هۆی ئەوەی کارمەندانی ناچار بن سیستمی بەردانەوەی ئاو لە وێستگەی ئاوی دوو شارۆچکە بووەستێنن و بەدەست بۆریەکان بکەنەوە و دابخەن. 
 
هاککەرەکان لەسەر ئامێرەکان پەیامێکیان جێهێشتووە و نووسیویانە، هەر ئامێرێک لە لایەن ئیسرائیلەوە دروستکرابێت، "ئامانجێکی رەوا"ـی هێرشەکانیان دەبێت. 
 
ئاژانسە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکە سیستم و ئامێرەکانی خستووەتە بەر زیانی گەورە؛ باس لەوەش دەکەن، هاککەرەکان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن کە لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە.
 
گرووپە هاککەرەکە لانیکەم لە 22ـی تشرینی دووەمەوە دەستی کردووە بە هێرشکردنە سەر ئەو ئامێرانەی لە لایەن کۆمپانیای یونیترۆنیکسی ئیسرائیلییەوە دروستکراون. 
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، زیاتر لە 200 ئامێری لەو جۆرە کە بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە لە ئەمریکا و سەروو هەزار و 700یان لە جیهان هەن. 
 
ئاژانسە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ئامێرانە وشەیەکی نهێنیی بنەڕەتییان هەیە لەپاڵ ئەو وشە نهێنییەی کە بەکارهێنەرەکەی بۆی دادەنێت، کە پسپۆڕان بە باشی نازانن چونکە ئەوە وادەکات ئاسان بن بۆ هاککردن؛ پێیان وایە باشترین رێگە ئەوەیە هەر ئامێرێک وشەیەکی نهێنیی جیاوازی هەبێت و تەنیا ئەو کاتە بۆی دابنرێت کە بۆ یەکەمین جار بەکاردەهێنرێت، واتە نەک لە کۆمپانیاکەوە بۆی دانرابێت. ئەوان دەڵێن، رەنگە هاککەرەکان لە رێگەی "قۆستنەوەی خاڵە لاوازە سایبەرییەکان، لەوانە وشەی نهێنیی لاواز و بەستنەوەیان بە ئینتەرنێت" ئامێرەکان هاکبکەن. 
 
شارەزاکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەکانی دابینکردنی ئاو، گرنگیی پێویست بە ئاساییشی سایبەری نادەن. 
 
لە وەڵامی هاککردنی ئەلیکویپا، سێ کۆنگرێسمانی پەنسیلڤانیا لە نامەیەکدا داوایان لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کرد لێکۆڵینەوە بکات و دەڵێن، "پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە ئاوی خواردنەوەیان و ژێرخانی دیکەی سەرەکییان لە نەیاران و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتان سەلامەتن."
 
گرووپێک بە ناوی Cyber Av3ngers لە 30ی تشرینی یەکەم، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هاککردنی 10 وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوی ئیسرائیل دەربڕی، بەڵام دیار نییە ئایا بوونە هۆی کوژاندنەوەی هیچ لە ئامێرەکانیان. 
 
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، گرووپەکە هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئیسرائیل زیادکردووە، ئەمە بە گوتەی سێرکی شیکێڤیچ، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی چێک پۆینتی ئەمریکی کە تایبەتە بە ئاسایشی سایبەری. 
ئێران و ئیسرائیل لە پێش ئەو جەنگەش لە جەنگێکی بچووکی سایبەریدا بوون. 
 
هێرشە سایبەرییەکەی سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا کەمتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاریدا کە پێویستە ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەو وڵاتە یاسایەک دابنێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی تایبەت بە دابینکردن و دابەشکردنی ئاو ناچاربکات بە شێوەیەکی رێکخراو، پشکنینی سایبەری بۆ سیستمەکانیان بکەن.
 
ئیدارەی بایدنیش هەوڵی داوە ئاساییشی سایبەریی ژێرخانی گرنگی وڵاتەکەی بەهێز بکات کە زیاتر لە 80٪ـی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتیی دەکرێت، هەورەها چەندین رێکاری بۆ کەرتەکانی کارەبا، گاز و ئەتۆمی داناوە. بەڵام شارەزایان گلەیی ئەوە دەکەن کە زۆر لە پیشەسازییەکان ئاسانکارییان بۆ کراوە دوور لە چاودێریی حکومەت، خۆیان ئاساییشی سایبەری بەڕێوەببەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە