رووداو دیجیتاڵ
منداڵان لە ساڵی یەکەمی تەمەنیانەوە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر فێری زمان دەبن، بەڵام لە رابردوودا بۆ زانایان روون نەبووە کە ئایا ئەگەر کۆرپەکان لەنێو سکی دایکیان گوێیان لە قسەکردن بێت، ئەوا پێش ئەوەی لەدایکبن مێشکیان خۆی بۆ فێربوونی زمان ئامادە دەکات یان نا. ئێستا لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری ساینس ئەدڤانسز بڵاوکراوەتەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆرپە لەنێو سکی دایکیدا زیاتر گوێی لە کام زمان بێت، زووتر فێری ئەو زمانە دەبێت.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، مێشکی کۆرپەی مرۆڤ هەر لە قۆناخی نێو منداڵدانەوە خۆی لەگەڵ ئەو زمانەدا دەگونجێنێت کە رووبەڕووی دەکرێتەوە. زانایانی ئامادەکاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێن، "ئەم ئەنجامانە بڕواپێکراوترین بەڵگەمان پێ نیشاندەدەن کە ئەزموونی زمان شێوازی کارکردنی مێشکی ساوایان تەنانەت پێش لەدایکبوونیشیان دیاری دەکات".
ئەگەرچی زۆربەی منداڵانی ساوا توانای ئەوەیان هەیە لە رۆژانی یەکەمەوە فێری هەر زمانێک بن، ئەم لێکۆلێنەوەیە دەڵێت، مێشكیان خۆی بۆ فێربوونی زمانی دایک بە تایبەت ئامادە دەکات.
لە کاتێکدا کە ساڵی یەکەم قۆناخی سەرەکیی فێربوونی زمانە، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، قۆناخی پێش لەدایکبوونیش دەکرێت کاریگەری هەبێت و بناخەی پێشوەخت بۆ تێگەیشتن و قسەکردن دروستبکات.
لەنێوان 5 تا 7 مانگی دووگیانیدا، کۆرپە دەتوانێت گوێی لە دەنگەکانی دەرەوەی سکی دایکی بێت. بۆیە لە رۆژانی سەرەتای لەدایکبوونیان، ساوایان زیاتر حەز بە دەنگی دایکیان دەکەن و پێی ژیر دەبنەوە. ساوایان هەروەها دەتوانن ئەو دەنگ و ئاوازانەش بناسنەوە کە پێش لەدایکبوونیان لە سکی دایکدا بیستوویانن، بۆیە ئەگەر پێش ئەوەی لەدایکبن گوێیان لە میوزیک بێت، توانایان بەهێزتردەبێت لە کارلێککردن لەگەڵ میوزیک و فێربوونی میوزیکدا، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا روون نەبووە، ئەوە بووە کە ئایا زمانیش بە هەمان شێوەیە یان نا.
ئێستا بێنێدیتا ماریانی، خوێندکاری دکتۆرا لە سەنتەری دەمارزانیی زانکۆی پادۆڤای ئیتاڵی، لەگەڵ هاوکارەکانی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کۆرپەیانەی زۆر رووبەڕووی زمانی دایکیان دەبنەوە، مێشکیان شەپۆلی وا دەردەکات کە دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندییان بە فێربوونی درێژخایەنی زمان و قسەکردنەوە هەیە.
پێوانەکردنی شەپۆلی مێشکی منداڵان
لێکۆڵینڤانەکان 33 ژنی فەرەنسی-زمانی دووگیانیان لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی Robert Debré لە پاریس خستووەتە ژێر لێکۆڵینەوە؛ لەوێ تەکنیکێکیان بەکارهێناوە کە پێی دەگوترێت ئێنسێفالۆگرافی بۆ چاودێریکردنی شەپۆلی مێشکی کۆرپەکانیان، هەر لە تەمەنی یەک تا پێنج رۆژی دوای لەدایکبوونەوە.
ژودی گێرڤا، نووسەری هاوبەشی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، "لە پێگەیشتوواندا، ئێمە دەزانین کە زنجیرەیەک لەرەلەری دەمار یان مێشک رۆڵیان هەیە لە تێگەیشتن لە زمان و قسە. شەپۆلەکان بە پێی ریتمی بەشە جیاجیاکانی ئاخاوتن، وەک بڕگە یان دەنگی جیاجیا، لەرەلەرەکانیان دەگۆڕێت".
لەم لێکۆڵینەوەیە و ئەوانی پێشتردا، لێکۆڵینڤانەکان تەکنیکی ئێنسێفالۆگرافییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی چاودێری مێشک بکەن و بزانن کە ئایا پێکهاتەی مێشك بەو شێوەیەی لە پێگەیشتوواندا هەیە، تا رادەیەک لە منداڵانی ساواشدا هەیە یان نا. ئەگەر هەبێت، ئایا ئەو ریتمانەی کە مێشکیان بەرهەمی دێنن، هاوشێوەی ریتمی ئەو زمانەیە کە لە سکی دایکیاندا گوێیان لێ بووە یان نا.
بۆ ئەو مەبەستە، کاتێک کە منداڵە ساواکان خەوتوون، لێکۆڵینڤانەکان چیرۆکێکی منداڵانیان یەک لە دوای یەک بە سێ زمانی فەرەنسی، ئیسپانی و ئینگلیزی پێکردووە. چیرۆکەکە بە هەر یەک لەو زمانانە بە سێ خولەکی بێدەنگی کۆتایی هاتووە و لەو سێ خولەکەدا، شەپۆلی مێشکی منداڵەکانیان تۆمارکردووە. لەو پێناوەدا، کڵاوێک کە هەستەوەری وەرگری شەپۆلەکانی پێوەبووە، لەسەری هەر منداڵێک نراوە. هەر کڵاوێک 10 هەستەوەری پێوە بووە.
ئەو هەستەوەرانە پێوانەی چالاکیی ئاماژە و لەرەلەری ئەلیکترۆنیی مێشكیان کردووە. لەو رێگەیەوە، لێکۆڵینڤانەکان توانیویانە بزانن کە ئایا بە بیستنی ئەو زمانە جیاجیایانە، مێشکی منداڵەکان چ جۆرە شەپۆلێک دەردەکات، کە هەر یەک لەو شەپۆلانە پەیوەندی بە دروستبوونی بەشێکی دیاریکراوی ئاخاوتنەوە هەیە، بۆ نموونە، لەرەلەری سێتا (4 بۆ 8 هێرتز) ئەو کاتە دروست دەبێت کە گوێمان لە بڕگەکان دەبێت، یان لەرەلەری گاما (30 بۆ 60 هێرتز) لە کاتی بیستنی فۆنیمەکان دروست دەبێت.
دوای کۆکردنەوەی ئەو شەپۆلانە، لێکۆڵینڤانەکان هەستاون بە شیکردنەوەیان لە رێگەی پێوانەکردنی "توانای شەپۆلەکان بۆ لەبیرمانەوە"، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە پێش لەدایکبوون بەهۆی بیستنی ئاخاوتنەوە لە مێشکیاندا دروستبووە، لە دوای لەدایکبوونیشیاندا ماون. ماریانی دەڵێت، "ئەم پێوانەکردنە، بەڵگەی فێربوونی زمانی نیشاندا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ