'پاشای دراوە دیجیتاڵییەکان' وەک تاوانبار ناسێندرا و تاوەکو 110 ساڵ زیندانی دەکرێت

03-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا خاوەنی پێشووی دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی جیهان بە 110 ساڵ زیندانیکردن سزا بدات.
 
رۆژی هەینی، 03-11-2023، سام بانکمان فراید، خاوەنی پێشووی سەکۆی مایەپووچبووی FTX کە بە ساختەکاریی دارایی تۆمەتبارکرابوو، هەموو تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبووەوە و رەنگە بە 110 ساڵی زیندانی سزا بدرێت.
 
بانکمان حەوت تۆمەتی ئاراستەکرابوو و هەموویانی بەسەردا ساخ بووەتەوە؛ پێنج لەو تۆمەتانە ئەوپەڕی ماوەی زیندانیکردنیان 20 ساڵە، دووانەکەی دیکەش زۆرترین ماوەی زیندانییان دەگاتە 5 ساڵ، بەوپێیە دەکرێت کۆی ماوەی زیندانیکردنەکەی بگاتە 110 ساڵ.
 
دەستەی دادوەری دوای تەنیا پێنج کاژێر لە دانیشتنی دادگە لە نیویۆرک گەیشتە ئەو دەرەنجامە و ماوەی حوکمەکەش لە 28ـی ئاداری ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
دامیان ویلیامس، داواکاریی گشتیی ئەمریکا دوای بڕیارەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بانکمان فراید "یەکێک لە گەورەترین ساختەکارییە داراییەکانی لە مێژووی ئەمریکا کردووە، ئەویش پلانێکی چەند ملیار دۆلاری بووە کە بۆ ئەوە کراوە ببێتە پاشای دراوە دیجیتاڵییەکان."
 
ویلیامس دەشڵێت، "رەنگە پیشەسازی دراوە دیجیتاڵییەکان و یاریزانانی وەک بانکمان نوێ بن، بەڵام ئەم جۆرە ساختەکارییە، ئەم جۆرە گەندەڵییە زۆر کۆنە و چاوپۆشی لێ ناکەین."
 
مارک کۆهێن، پارێزەری بانکمانیش دوای بڕیارەکە رایگەیاند، "زۆر بێهیوا بوون لە ئەنجامی دادگە. بانکمان فراید بێتاوانی خۆی دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تووندی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون."
 
سام بانکمان فراید دەرچووی پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ویلایەتی ماساچوسێتسە و بەر لە تەمەنی 30 ساڵی بووە ملیاردێر، ئەوەش کاتێک لە ساڵی 2019ـدا بە هاوبەشی سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی FTXـی دامەزراند و کردیە دووەمین گەورەترین سەکۆ لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
لە 11ـی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، ئیمپراتۆرییەتە دیجیتاڵییەکەی بانکمان هەرەسی هێنا و مایەپووچبوونی راگەیاند، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی چەند ساختەکارییەک و تۆمەتبارکردنی بەوەی پارەی وەبەرهێنەرانی لەگەڵ سەرمایەی تایبەتی خۆی تێکەڵکردووە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، وەبەرهێنەر و مامەڵەکارانی FTX بە لێشاو داوای وەرگرتنەوەی پارەکانیان کرد و دواتر دەرکەوت کە بەشێك لە پارەی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیای ئالامێندا هەڵگیراوە کە هاوڕێ کچەکەی بانکمان بەڕێوەبەری بوو.
 
رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، بانکمان لەلایەن حکومەتی وڵاتی 'بەهاماس'ـەوە کە شوێنی دامەزراندنی سەکۆیەکە بوو دەستگیرکرا و هەشت تۆمەتی شوشتنەوەی پارە و ساختەکاری بە پارەی وبەرهێنەرانی خرایە پاڵ. 21ـی هەمان مانگیش رادەستی حکومەتی ئەمریکا کرا.
 
سام بانکمان بەوە تۆمەتبارە ساختەکاری کردووە بە 32 ملیاردۆلار پارەی وەبەرهێنەران، هەروەها بە ئەنقەست پارەی وەبەرهێنەرانی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بەهای دراوی دیجیتاڵی تایبەتی کۆمپانیاکە خەرجکردووە.
 
هەندێک لە هاوکارە نزیکەکانی بانکمان فراید لە کاتی دادگاییکردنەکاندا دانیان بەوەدا نا کە بانکمان هۆکاری سەرەکیی دیارنەمانی 8 ملیار دۆلاری وەبەرهێنەر و مامەڵەکارانی دراوە دیجیتاڵییەکان بووە لە سەکۆی FTX.
 
پارێزەرەکەی بانکمان فراید دەڵێت، بریکارەکەیان بە "بڕوایەکی باش" مامەڵەی کردووە و بەهۆی هەلومەرجەکان و بێتوانایی دارایی هاوکارەکانیانەوە کە دژی ئەو شایەتییان داوە، کەوتووەتە ئەو دۆخەی کە تێیدایە.
 
دیارترین کەس وەک شایەتحاڵ لە دانیشتنەکانی دادگە ئامادە بووبێت، کارۆلین ئێلیسۆن' بوو، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ئەلامێدا و هاوڕێ کچەکەی بوو.
 
ئێلیسۆن لە دادگە رایگەیاندووە، لەگەڵ بانکمان نزیکەی "14 ملیار دۆلاری وەبەرهێنەر و مامەڵەکارانی FTXـیان دزیوە و، بانکمان بە سیفەتی خاوەندارێتیی ئالامێندا، "فەرمانی پێکردووە ئەو تاوانانە بکات".
 
ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی دارایی سەرمایەی گرێبەستەکان بانکمان و بەشدارییە سیاسییەکان و بواری خانووبەرە لە باهاماس بەکارهات.
 
رووداوەکە کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانیش هەبوو؛ بەوپێیەی FTX دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو، متمانەی خەڵك و وەبەرهێنەران بە بیتکۆین و دراوەکانی دیکە لاواز بوو.
 
بە کاریگەریی رووداوەکە، ئەوکاتە نرخی یەک بیتکۆین زیاتر لە 2 هەزار دۆلار و لە 18 هەزارەوە بۆ 16 هەزار دۆلار دابەزی.
 
بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، نرخی بیتکۆین 100٪ بەرزبووەتەوە و هەر بیتکۆینێک گەیشتووەتە نزیکەی 35 هەزار دۆلار کە بەرزترین ئاستە لەدوای مانگی ئایاری ساڵی 2022ـەوە.
 
هۆکاری بووژانەوەی نرخی بیتکۆین، هەوڵی کۆمپانیا و سەکۆیەکانی بواری دراوە دیجیتاڵییەکانە لە بەیاساییکردن و رێکخستنی ئەو سێکتەرە و، 10 کۆمپانیا بەڵگەنامە فەرمییەکانیان پێشکێشی لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا کردووە تاوەکو هاوشێوەی نەوت، زێڕ و دراوەکانی دیکە بەشێوەیەکی یاسایی لە بۆرسەی جیهانی پێنوێنیان بۆ دابنرێت و مامەڵەیان پێوەبکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە