کوردێک دەبێتە جێگری سەرۆکی شارەوانی لە نەرویج

03-10-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی دهۆک کە 30 ساڵە لە وڵاتی نەرویج دەژی، بە جێگری سەرۆکی شارەوانیی بۆدۆ لە باکووری نەرویج هەڵبژێردرا.
 
عەلی ھرووری، هاونیشتمانییەکی خەڵکی دهۆکە و دوای 30 ساڵ ژیانی لە نەرویج، بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی بۆدۆ لە باکووری وڵاتەکە، وەکو جێگری سەرۆکی شارەوانی ھەڵبژێردرا.
 
عەلی هرووری بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی پێشوو نەیتوانی لە کارەکەی بەردەوام بێت، جێگرەکەی پۆستەکەی بەوەکالەت وەرگرتووە و ئەویش لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانییەوە وەکو جێگری سەرۆکی شارەوانییە نوێیەکە ھەڵبژێردراوە.
 
سەرۆکی شارەوانی نوێ و عەلی هرووری جێگری، لە پۆستەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ھەڵبژاردنی نوێ بۆ پۆستەکان دەکرێت کە ساڵێکی ماوە.
 
لە نەرویج چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەکرێت؛ دەستنیشانکردنی سەرۆکی شارەوانی و جێگرەکەی لەڕێگەی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە دەبێت.
 
ئەنجوومەنی شارەوانیی بۆدۆ، لە 39 ئەندام پێکهاتووە و 50%ی دەنگەکان پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی شارەوانی.
 
شاری بۆدۆ دەکەوێتە باکووری نەرویجەوە و دووەم گەورەترین پارێزگای وڵاتەکەیە و 55 هەزار کەس لە ناوەندی شارەکە دەژین.
 
عەلی هرووری:
 
-ساڵی 1988 عەلی و خێزانەکەی لە گوندی ھروور لە ناحیەی کانی ماسێ، روودەکەنە ئامەدی باکووری کوردستان و دەبنە پەنابەر، دواتر لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەتەکانەوە دەگەنە نەرویج کە ئەوکاتە عەلی تەمەنی نۆ ساڵ بووە.
 
-ئەندامی حیزبی کرێکارانی نەرویجە، کە حزبێکی سۆسیال دیموکراتە و سێ ساڵە بەرپرسی بەشی کولتووری وەرزشییە لە حیزبەکەی.
 
-لە ساڵی 2007ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی بۆدۆیە.
 
-ھەشت ساڵە بەرپرسی لیژنەی 17ـی ئایارە، کە رۆژی سەربەخۆیی نەرویجە
 
-چوار ساڵە ئەندامی لیژنەی بەساڵاچووانە لە شاری بۆدۆ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە