جیهان
سەربازێکی ئۆکراینی لەنێو تانکێکدا لە ناوچەیەکی هەرێمی دۆنێتسک کە بەهۆی جەنگەوە بووەتە وێرانە. وێنە: Anatolii STEPANOV / AFP
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا بڕیاریدا لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە دزەپێکردنی تۆمارێکی دەنگیی نهێنیی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی ئۆکراینا بکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رووسیا بڵاوبووەتەوە و بووەتە رووگیربوونێکی گەورە بۆ بەرلین.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە گفتوگۆیەکی نێو هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی دزەی پێکراوە.
گوتەبێژەکە گوتی، "جارێ دڵنیا نین ئایا تۆمارەکە یان دەقە نووسراوەکەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانکاری تێدا کراوە یان نا."
مارگاریتا سیمۆنیان، بەڕێوەبەری کەناڵی RT، رۆژی هەینی تۆمارێکی دەنگیی 38 خولەکی بڵاوکردەوە کە بە گوتەی خۆی، تێیدا ئەفسەرە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی 19ی شوباتدا باس لە هێرشکردنە سەر کریمیا دەکەن.
لە تۆمارەکەدا باس لەوە دەکرێت، چی روودەدات ئەگەر هێزەکانی ئۆکراینا مووشەکی تاوروس بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بەکاربێنن.
یەکێک لەو شوێنانەی لە تۆمارەکەدا باس لە هێرشکردنەسەری دەکرێت، پردێکی سەرەکیی بەستنەوەی کریمیایە بە خاکی رووسیاوە. هەروەها لە تۆمارەکەدا قسە لەسەر ئەو مووشەکانە دەکرێت کە فەرەنسا و بەریتانیا بۆ کیێڤیان ناردووە.
ماوەیەکی درێژە کیێڤ داوا لە ئەڵمانیا دەکات مووشەکی تاوروسی پێ بدات کە دەتوانن لە دووری 500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکانیان بپێکن.
"دوژمنی سەرسەخت"
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا رازی نەبووە ئەو مووشەکانە بۆ ئۆکراینا بنێرێت، چونکە نیگەرانی ئەوەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی ململانێیەکە.
رۆژی شەممە لە سەردانێکیدا بۆ رۆما، شۆڵتز لەبارەی دزەپێکردنی تۆمارە دەنگییەکەوە گوتی، "ئەوەی باسی لێ دەکرێت، شتێکی زۆر هەستیارە؛ بۆیە ئێستا زۆر بە هۆشیار، زۆر بە چڕی و زۆر بە خێرایی لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت."
میدیای ئەڵمانیا دزەپێکردنی تۆمارەکە بە "کارەسات" بۆ هەواڵگریی ئەڵمانیا دادەنێت.
بە گوێرەی چاپەمەنیی ئەڵمانیا، ڤیدیۆکۆنفرانسەکە لەسەر سەکۆی WebEx کرابوو لە بری ئەوەی لەسەر تۆڕێکی نێوخۆیی سوپا بکرێت.
کۆنستەنتین ڤۆن نۆتس، سیاسەتڤانی پارتی سەوز بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەگەر ئەمە راست بێت، کێشەیەکی گەورە دەبێت."
لە کاتی قسەکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیای تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، ئەو تۆمارە پێشانی دەدات کە ئۆکراینا و پشتیوانەکانی "بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت رێچکەکەیان بگۆڕن و دەیانەوێت لە گۆڕەپانی جەنگدا رووسیا تووشی شکستێکی ستراتیجی بکەن."
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا داوای کرد کە ئەڵمانیا "خێرا" روونکردنەوە لەسەر ئەو گفتوگۆیە بدات.
خانمە گوتەبێژەکە گوتی، "هەوڵدان بۆ خۆلادان لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بە داننان بە تاوانباری هەژماردەکرێت."
هاوکات دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا لە پۆستێکی تەلەگرامدا نووسی، "رکابەرە لەمێژینەکانمان، ئەڵمانەکان، جارێکی دیکە بوونەتەوە دوژمنی سەرسەختی ئێمە."
مووشەکی تاوروس
بەدەستهێنانی مووشەکی تاوروسی ئەڵمانیا هێزێکی گەورە بە ئۆکراینا دەدات، لە کاتێکدا کیێڤ هەوڵ دەدات بەر بە هێرشی رووسیا بگرێت.
فەرەنسا و بەریتانیا مووشەکی جۆری SCALP و Storm Shadowیان بە کیێڤ داوە کە هەر یەکەیان لە توانایدایە 250 کیلۆمەتر ببڕێت.
بەڵام شۆڵتز، هەفتەی رابردوو گوتی، ئەڵمانیا ناتوانێت لە ئاستی بەریتانیا و فەرەنسادا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بۆ ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکراینا بنێت.
بێ ئەوەی روونی بکاتەوە مەبەستی چییە، شۆڵتز لە بارەی مووشەکی تاوروسەوە گوتی، "ئەمە چەکێکی دوورمەودایە؛ ئەوەی بەریتانی و فەرەنسییەکانیش لە رووی بەئامانجکردن یان یارمەتیدان لە بەئامانجکردن دەیکەن، ناتوانرێت لە ئەڵمانیا بکرێت."
بەریتانیا رەتیکردووەتەوە راستەوخۆ دەستی لە تەقاندنی مووشەکەکاندا هەبووبێت.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت: "بەکارهێنانی مووشەکی ستۆرم شادۆو و پڕۆسەی هاوێشتنیان کاری هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینایە."
ماری ئەگنز ستراک زیمەرمان، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، گوتی نیازەکانی "مۆسکۆ" روونن. خانمە سیاسەتڤانەکە دەشڵێت، لە دژی پێدانی مووشەکی تاوروس بە ئۆکراینا، "هۆشداری" بە شۆڵتز دەدرێت.
زیمەرمان بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "پێویستمان بەوەیە دەستبەجێ ئاسایش و هەواڵگریی خۆمان بەهێز بکەین، چونکە روونە ئێمە لەم بوارەدا مەترسیمان لەسەرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ