رووداو دیجیتاڵ
رووسیا، ئەمریکا بە "چاندنی تۆوی پشێوی و وێرانکاری" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ نێو عێراق و سووریا بکات.
دیمیتری پۆلیانسکی، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە گوتی: "داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاساییشمان کرد لە بارەی هەڕەشەی سەر ئاشتی و ئاسایش کە ئەمریکا بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا و عێراق دروستیکردووە."
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو: "لەبەر ئەوەی واشنتن پشتڕاستە لەوەی بێ سزا دەربازی دەبێت، بەردەوامە لە چاندنی تۆوی پشێوی و وێرانکاری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند، مۆسکۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا "بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە دەکات."
ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئەمریکا لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا هات، کە 28ی مانگی رابردوو لە بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، لە شوێنی نووستنیان کەوتنە بەر هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو؛ لەگەڵ ئەوان لانیکەم 41 سەربازی دیکەی برینداربوون. ئەمریکا هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی هەینی بەکاتی واشنتن (شەممە بەکاتی هەولێر) گوتی، لە رێگەی 125 مووشەکی وردپێکێن، 85 ئامانجیان لە چوار شوێنی سووریا و سێی عێراق بۆردوومان کردووە کە گوایە لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەکارهێنراون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا "سەرکەوتوو بوون."
لە عێراق لانیکەم 16 کەس کوژران و 36ی دیکە برینداربوون. حکومەتی عێراق دەڵێت، خەڵکی سڤیل لە نێو کوژراواندان.
لە سووریاش، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بە کوژرانی 29 چەکدار و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە دەکەن.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "ئەم هێرشە ئاسمانییە دوژمنکارانە دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە بەرەو لێوارێکی مەترسیدار دەبەن."
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی سەرتاسەریی راگەیاند.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی دوێنێ شەو "هەڵەیەکی دیکەی ستراتیژیی حکومەتی ئەمریکا بوون، کە جگە لە زیادکردنی گرژی و ناسەقامگیری، هیچ ئەنجامێکیان نابێت."
بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)ی فەلەستینی کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە دژی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە جەنگدایە، واشنتنی تۆمەتبارکرد بەوەی کە "بەنزین بە ئاگردا دەکات."
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش گوتی، هێرشەکان "ململانێی رۆژهەڵاتی نیوەڕاست بە شێوەیەکی مەترسیدار گەورە دەکەن."
بەڵام ئەمریکا دەڵێت ئەوە تەنیا سەرەتایە و زنجیرەیەک هێرشی دیکە بەڕێوەیە.
فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشی راستەوخۆیان نەکردە سەر ئێران، لەبەر ئەوەی واشنتن و تاران هەردووکیان دەڵێن نایانەوێت بکەونە نێو جەنگێکی سەرتاسەرییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ