رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کاردانەوەی جیاوازیان بۆ هێرشەکانی شەوی هەینیی ئەمریکا بۆ نێو عێراق و سووریا هەیە کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەرباز ئەنجامیدان.
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، لەنێویاندا، جۆنی ئێرنست-ی کۆماری پێشوازیی لە هێرشەکان کرد، بەشێکیشیان دەڵێن، هێرشەکان زۆر درەنگ کەوتن و رێگەیان بە نەیارەکانی ئەمریکادا خۆیان ئامادەبکەن و هەڵبێن.
ئێرنست رۆژی هەینی گوتی: "لە کۆتاییدا، ئێران پێویستە بزانێت باجی خوێنی ئەمریکییەکان چییە."
هێرشەکان کەمێک پێش نیوەشەو بەکاتی هەولێر، دەستیان پێکرد. سەرۆک و وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێن، لەو هێرشانەدا پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، کراونەتە ئامانج.
گوتەبێژی چەک شوومەر پشتڕاستیکردەوە کە سیناتۆرە دیموکراتەکە پێشوەخت لە هێرشەکان ئاگادارکرابووەوە.
هەروەها مایکڵ مککۆڵ. سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی کە نزیکەی یەک هەفتەی پێچوو، ئیدی ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ زۆر درەنگ کەوتن دوای دواخستنێک کە رێگەی بە دووژمنەکانمان دا خۆیان ئامادە بکەن. پێویستە ئیدارەی بایدن لە رێگەی هێرشی بەردەوامی تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکات و دەست بە سەپاندنی سزای نەوت و ئەوانی دیکە بکات بۆ ئەوەی سەرچاوەی پارەدارکردنی تیرۆر ببڕێت."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد کە 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە "لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارهێنراون."
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی تەلەفۆنیدا کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادەی بوو، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەو 85 ئامانجە کەوتوونەتە 7 شوێن، چواریان لە سووریا و سیانیان لە عێراق.
کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشەکە 30 خوولەکی خایاندووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ، دەستپێکی وەڵامی ئێمەیە."
هاوکات لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆک فەرمانی کردووە کە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە لە بەرامبەر هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی. ئەو هەنگاوانە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان ئاشکرا دەکرێن."
رۆجەر ویکەر، باڵاترین ئەندامی کۆماری لە لیژنەی کاروباری سەربازیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گوتی: "ئەم هێرشانە پێشوازییان لێ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەو سێ ئەمریکییە قارەمانانەی کە گیانیان لەدەستدا و ئەو 50 سەربازەیشی کە برینداربوون، زۆر درەنگ هات."
بایدن لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرشەکان "لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆماندا بەردەوام دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ