یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکەی نیو ئۆرلیەنز بە رەچەڵەک فەلەستینییە

03-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکەی شاری نیو ئۆرلیەنز لە ئەمریکا، ناوی کەریم بەدەوییە و تەمەنی 18 ساڵ بوو. یەکەم ساڵی خوێندنی بوو لە زانکۆ و باوکی بە کوڕێکی "بەڕێز و زیرەک" وەسفی کرد.
 
رۆژی 01-01-2024 کەسێک بەناوی شەمسەدین جەبار بە ئۆتۆمبێلێک، لە شەقامێکی شاری نیو ئۆرلیەنزی ویلایەتی لویزیانا خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت. دواتر لە رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا خۆیشی کوژرا. پۆلیسی ئەمریکا رایگەیاند، "هێرشەکە تیرۆریستی بووە".
 
یەکێک لەوانەی کوژرا ناوی کەریم بەدەوییە و ئەمریکی-فەلەستینییە. بیلال، باوکی کەریم گوتی، "ئەو شەوە کەریم لەگەڵ هاوڕێیەکی بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ چووبووە ئەو شەقامە. کەریم خوێندکاری قۆناخی یەکەمی ئەندازیاریی میکانیک بوو لە زانکۆی ئەلەباما".
 
بیلال لە وەسفی کوڕەکەی گوتی، "کەریم منداڵێکی بچووکی زۆر زیرەک بوو، لە قوتابخانەش ژمارە یەک بوو. کەسێکی زۆر پڕ وزە و بەرپرسیار بوو. هاوڕێکانی خۆشدەویست و چێژی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی وەردەگرت".
 
کەریم بە گوتەی باوکی، کەسێکی وەرزشدۆست بووە و یاریزانی تیپی رەگبیی زانکۆکەیان بووە. بیلال گوتی، "کوژرانی کوڕەکەم هەموو خێزانەکەمانی تووشی حەپەسان کردووە. ئەو تەنیا دەیویست چێژ لە ژیانی خۆی وەرگرێت".
 
بیلال و خانەوادەکەی لە شارێکی دیکەی لویزیانا دەژین، لەبارەی کوڕەکەی لەوێ بیلال گوتی، "کەریم و هاوڕێکەی هەروەک خەڵکی دیکە بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ چووبوونە نیو ئۆرلیەنز، هەروەک چۆن خەڵک بۆ پشوو دەچنە دوبەی".
 
هاوڕێکەی کەریم ناوی پارکەرە و لە هێرشەکە بە سەختی بریندار بووە. بیلال گوتی، "نزا بۆ چاکبوونەوەی پارکەر دەکەین".
 
بیلال موسڵمانە و بە رەچەڵەک فەلەستینییە، هێرشەکارەکەی بە "خراپەکار" وەسف کرد و گوتی، ئەو نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات.
 
باوکی کەریم گوتی، پۆلیس هێشتا تەرمەکەیان نەداوەتەوە و خێزانەکەیان نزا بۆ هەموو قوربانییەکانی ئەو هێرشە دەکەن.
 
ستیوارت بێڵ، سەرۆکی زانکۆی ئەلەباما کوژرانی کەریمی بە "دڵشکێنەر" وەسفکرد و گوتی، "ئەمڕۆ زانیم کەریم بەدەوی، یەکێک لە خوێندکارەکانمان لەو هێرشە تیرۆریستییە کوژراوە. هاوخەمی خێزان و هاوڕێکانی کەریمم".
 
میدیای ئەمریکا لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکانی دیکە رایگەیاند، "نیکۆڵ پێرێز، دایکێکی تەمەن 28 ساڵ؛ تایگەر بێک، 27 ساڵ؛ نیکیرا دیدێکس، خوێندکارێکی 18 ساڵ؛ رێگی هەنتەر، 37 ساڵ و باوکی دوو کوڕ؛ ماتیو تێنێدۆریۆ، 25 ساڵ و هەبێرت گۆسەرێکسی 21 ساڵ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارل نیهامەر، راوێژکاری نەمسا.

راوێژکاری نەمسا: بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتەکان دەست لە کار دەکێشمەوە

راوێژکاری نەمسا رایگەیاند، پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات نەگەیشتە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە دەست لە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکەی و سەرۆکی پارتی گەلی نەمسا دەکێشێتەوە.