رووداو - میشیگن
لە عێراق شەڕی لادانی ئاڵای ئەمریکایە و لە سەنتەرێکی شیعەکانی شاری دیترۆیدی میشیگن ئاڵای ئەمریکا و ئاڵایەکی دیکە کە لەسەری نووسراوە 'یا حوسێن' بە تەنیشت یەکدیەوە هەڵواسراون، هەموو سەرنجەکان لە سەر دەنگدەرانی میشگنە بەتایبەت موسڵمانەکان کە ئەم ساڵ بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
ئەحمەد خەڵکی سەماوەی عێراقە و 27 ساڵە لە شاری دیترۆید نیشتەجێیە. دەڵێت لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگمان بە دیموکراتەکان داوە بەڵام ئەم ساڵ جیاوازە.
ئەحمەد سەلمان، خاوەن رێستۆرانتە و دەڵێت: "ئەمە سەختترین هەڵبژاردە کە دەرباز دەبێت، چونکە ئێمە وەکو عەرەب بەردەوام دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەین، بەڵام لە ماوەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر روویانەدا بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ناوخۆیی. هەروەها دیموکراتەکان پشتگیری هەڵوەشاندنەوەی خەیزانیان کرد، ئەو شەڕانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن، هەموو ئەمانە کاریگەریان هەیە، لەم کاتە دەنگ بە دیموکراتەکان نەدەین. بەڵێنمان داوە و کۆتاییان پێ دێنین لە میشیگن."
لە ویلایەتی میشیگن 241 هەزار موسڵمان هەن، موسمانانی شیعە و سوننە رەنگە لە رووی ئایدۆلۆژیای ئایینەکەیانەوە کێشەیان هەبێت، بەڵام زۆربەیان لەسەر یەک دەنگ کۆکن ئەویش دەنگدانە بە کۆمارییەکان.
ساوندبایت: مستەفا هەمزە، خەڵکی سووریایە و دەڵێت: ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین بەم دۆخە، دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین و ئاسایش نییە، لە وڵاتەکانمان دا شەڕ هەیە، لە وڵاتە ئیسلامییەکان شەڕە. ئێمە کەسێکمان دەوێت دۆخەکە ئارام بکات، ئێمە هەموومان دەمانەوێ بچین دەنگ بدەین و ژیانمان باشتر بێت.
موسڵمانان (سوننە و شیعە)، کورد و عەرەب هەموویان بەسەر دووبەرە دا دابەش بوون؛ یان بەشداری دەنگدان ناکەن یان دەنگ بە ترەمپ دەدەن، شەڕی غەززە و پاراستنی خێزان دوو هۆکاری سەرەکین بۆ دەنگدەران تا پاڵپشتی کۆمارییەکان بکەن.
سەمیان دهۆکی، کوردێکی دانیشتووی میشیگنە و دەڵێت: "هەندێ ئەگەری سیاسی و سرووشتی ناوخۆیی و دەرەکی هەن. لێرە ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە ئەوەیە کە دەنگ بدەنە ترەمپ چونکە ئەو زیاتر گرنگی بە خێزان دەدات."
میشیگن یەکێک لەو حەوت ویلایەتەیە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە، تا پێش ساڵی 2016 لەگەڵ پێنسیلڤینیا و ویسکنسن بە دیواری شینی دیموکراتەکان دادەنرا، بەڵام ئێستا هێزی دەنگ گۆڕاوە و رەنگە رۆژی هەڵبژرادن رۆژی ئاوابوونی دیموکراتەکان بێت لەو ویلایەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ