هێرشکارەکەی ئەمریکا بناسە کە 14 کەسی کوشت؛ مەدالیای شەڕی دژی تیرۆری وەرگرتووە

03-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەمسەدین جەبار، ئەو کەسەی بە ئۆتۆمبێل لە شاری نیوئۆرلینز خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت؛ هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو، لەنێو سوپای ئەمریکا دا خزمەتی کردووە و پلەی هەبوو، خەڵاتی وەرگرتووە و لەدوای خزمەتی سوپا، بە قۆناخی سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا تێپەڕیوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی 01-01-2025 شەمسەدین جەبار بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرد ئێف 150 کە بە کرێی گرتبوو، لە شاری نیوئۆرلینز لە گۆڕەپانی فەرەنسی لە شەقامی بۆربۆن خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت، 30ـی کەسی دیکەشی بریندارکرد. دوای تەقەکردن و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس، کوژرا. دواتر ئاڵایەکی داعش لە پشتی پیکئەبەکەی دۆزرایەوە.
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە نوێترین لێدواندا رایگەیاند، جەبار لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس ئۆتۆمبێلەکەی بەکرێ گرتبوو، ئینجا بەرەو شاری نیوئۆرلینز لە ویلایەتی لویزییانا لێیخوڕیوە و هێرشەکەی کردووە.
 
کریستۆڤەر رایا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری FBI بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی "ئەندازیارانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، دوو بۆمبیان لەنێو فلینەدا (تەپەدۆر) دۆزییەوە. ئەمانە تاکە بۆمب بوون کە ئێمە دۆزیومانەتەوە و ئامادەی تەقینەوە بوون. هەردوو بۆمبەکە لە شوێنی خۆیان پووچەڵکرانەوە. تۆماری کامێرای چاودێریمان دەستکەوت، کە نیشانیدەدات جەبار ئەو بۆمبانە لەو شوێنانە دادەنێت."
 
بەگوێرەی ئێف بی ئای، شەمسەدین جەبار پێش هێرشەکە، چەند ڤیدیۆیەکی لە سەکۆیەکی ئینتەرنێت بڵاوکردبووەوە کە تێیاندا باسی، "پەیوەندیکردن بە داعش" و "کوشتنی ئەندامانی خێزان" دەکات.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند "لەژێر کاریگەریی داعشدا بووە و، حەزی خۆی بۆ کوشتن دەربڕیوە."
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، جەبار خەڵکی تێکساسە و لەوێ لەدایکبووە، لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2015 لە سوپای ئەمریکا وەکو (پسپۆڕی سەرچاوە مرۆییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری [ئای تی] خزمەتی کردووە. دواتر تاوەکو ساڵی 2020 لە سوپای یەدەگی ئەمریکا بووە.
 
گوتەبێژێکی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە شوباتی 2009 تاوەکو کانوونی دووەمی 2010، جەبار لەگەڵ سوپای ئەمریکا رەوانەی ئەفغانستان کرا و پلەی "عەریف"ـی پێدراوە.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ بڵاویکردەوە، شەمسەدین مەدالیای (شەڕی جیهانی دژی تیرۆر)ی لە بەرامبەر خزمەتی لە ئەفغانستان وەرگرتووە.
 
لە سوپاوە بۆ سێکتەری خانووبەرە
 
دوای جێهێشتنی سوپا، شەمسەدین لە شاری هیوستن لە تێکساس دەست بە کاری خانووبەرە دەکات و لەگەڵ کۆمپانیای دێلیۆتێ بە پلەی (پسپۆڕی باڵای راوێژکاری) دادەمەزرێت، ساڵانە مووچەکەی 125 هەزار دۆلار بووە. 
 
 
لە ڤیدیۆیەکی یوتیووب کە چوار ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، جەبار بە شێوەرازێکی ئینگلیزیی باشووی ئەمریکا قسەدەکات و باسی تواناکانی خۆی لە بەڕێوەبردن و راوێژکاریی خانووبەرە دەکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، شەمسەدین جەبار دووجار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە. لە ساڵی 2022 لە دووەمین هاوژینی جیابووەتەوە و لە ئیمەیڵێک باسی "کێشە داراییەکان"ـی بۆ پارێزەری هاوژینەکەی کردبوو.
 
شەمسەدین نووسیبووی: "من چیدیکە ناتوانم خەرجیی ماڵەوە دابینبکەم. ساڵی پار کۆمپانیاکەم زیاتر لە 28 هەزار دۆلار زیانیکرد. هەزاران دۆلاریش قەرزم کردووە بۆ ئەوەی بیدەمە پارێزەرەکان."
 
خەونی داعش
 
دەزگای ئێف بی ئای رایگەیاند، پێش هێرشەکە شەمسەدین لەو چەند ڤیدیۆیەی بڵاویکردبوونەوە، باسی کوشتنی ئەندامانی خێزانی هاوژینی پێشووی کردووە، دواتر بیرۆکەی خۆی گۆڕیوە. "ئەو هەروەها باسی خەونی خۆی بۆ چوونە نێو رێکخراوی داعش کردووە."
 
ئابدور برای شەمسەدینە و لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای ئەمریکی، براکەی بە "کەسێکی شیرین، رووخۆش، هاوڕێ، زیرەک و گرنگیپێدەر" وەسفکرد.
 
ئابدور گوتی براکەی لە تەمەنی گەنجیێتییەوە بووەتە موسڵمان، "بەڵام ئەوەی براکەم کردی نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات؛ ئەمە تووندڕەوێتییە نەوەک ئایین."
 
مێژووی تاوانەکانی شەمسەدین زۆر پڕ نییە، بەگوێرەی پۆلیس، شەمسەدین پێشتر دوو تاوانی کردووە. لە ساڵی 2002 دزی کردووە و لە ساڵی 2005 ئۆتۆمبێلی بەبێ مۆڵەت لێخوڕیوە.
 
زانکۆی جۆرجیا لە ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، جەبار لە ساڵی 2015 بۆ 2017 خوێندکاری زانکۆکە بووە و بەکالۆریۆسی لە سیستمی کۆمپیوتەر وەرگرتووە.
 
ئایا هاوکاریی کراوە؟
 
ئێف بی ئای گوتی، ئەوەی تاوەکو ئێستا لە بەڵگەکان دەردەکەوێت ئەو بەتەنیا بووە و هاوکاریی نەکراوە. 
 
ئان کیرکپاتریک، پشکنەری پۆلیس لە شاری نیوئۆرلینز گوتی "ئێستا، من وشەی هاوکاری و هاوبەشی بەکارناهێنم. هەندێک کەس هەن کە ناویان هەیە، بەڵام ئێف بی ئای دەیەوێت هەموو لێکۆڵینەوەیەک بکات لەبارەی ئەوەی؛ ئایا ئەو کەسانە بەشدارییان کردووە یان نا. لەوانەیە ئەو گورگێکی تەنیا بووبێت."
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە