خانمی پێشبینییەکان: لە 2025ـدا شەڕی خوێناوی و بوومەلەرزە روودەدەن و ڤاکیسنی شێرپەنجە دەدۆزرێتەوە

02-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەیلا عەبدوللـەتیف، کە بە خانمی پێشبینییەکان ناسراوە، پێشبینی دەکات لە 2025ـدا کۆبانێ رووبەڕووی هێرشێکی گەورە ببێتەوە و کێشەی ئەمنی و سەربازی لەسەر سنووری تورکیا – سووریا دروست ببێت و چەند سەرکردەیەکی کورد تیرۆر بکرێن. پێشبینی بوومەلەرزەی بەهێزیش لە تورکیا و سووریا دەکات کە کاریگەریی بەهێزی لەسەر عێراق دەبێت.
 
دەشڵێت؛ ئیسرائیل هێرشەکانی فراوانتر دەکات و شەڕی خوێناوی روودەدات، پێنج وڵات دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی و لەگەڵ چەند وڵاتێکیش دا هاوپەیمانی دەبەستێت. روونی دەکاتەوە زاناکان لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە قورسەکاندا، مژدەی گەورە بڵاودەکەنەوە. 
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەت بە سەری ساڵ لە یەکێک لە کەناڵەکانی میسر، لەیلا عەبدوللـەتیف پێشبینیکاری بەناوبانگی لوبنانی و جیهان، پێشبینییەکانی خۆی بۆ ساڵانی 2025-2026 خستەڕوو و گوتی ئەمە پێشبینی کەسیی خۆیەتی و هەر خۆیشی بەرپرسیارە لە قسەکانی. 
 
لەیلا عەبدوللـەتیف پێشبینی دەکات لەنێوان ساڵانی 2025-2026 زانایان ڤاکسینێکی نوێ دەدۆزنەوە کە بەردەگرێت لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان. دەشڵێت، وەک ڤاکسین و کوتانەکانی دیکە، دەخرێتە نێو سیستمی کوتان. 
 
باس لەوەش دەکات، زاناکان حەبێکی هاوشێوەی ئەسپرین دەدۆزنەوە بێوێنەیە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شەکرە، کۆلیسترۆڵ و فراوانبوونی دەمارەکانی دڵ. ئەم حەبە بازاڕ و دەرمانخانەکان کۆنترۆڵ دەکات و سعودیە دەبێتە یەکەم دابینکەری ئەم دەستکەوتە پزیشکییە گەورەیە.
 
سەبارەت بە پێشهاتەکانی تورکیا و سووریا، ئەم خانمە پێشبینیکارە، پێشبینی ئەوە دەکات "لە عەین عەرەب (کۆبانێ) شەڕ و پێکدادانی توند روودەدات، ناوچەکە دەکەوێت و سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە تووشی کێشەیەکی گەورەی ئەمنی و سەربازیی دەبێتەوە. رووداوەکان دەگەنە قامشلۆ و چاوەکانیش لەسەر هەسەدە دەبن، بەداخەوە لە مانگەکانی داهاتوودا چەند سەرکردە و کەسایەتیی کورد تیرۆر دەکرێن بەهۆیەوە خەم و پەژارە باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت." 
 
دەشڵێت "بەداخەوە لە 2025ـدا بوومەلەرزەیەکی بەهێز دەبینم، بە داخەوە هەمان دیمەن دەبینینەوە لە تورکیا، سووریا، لوبنان، عێراق، ئوردن هاوشێوەی فەلەستین دەبێت." 
 
پێشبینی ئەوەش دەکات لە 2025ـدا تەپڵی جەنگ بەهێزتر لێدەدات "دەبینم ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات و لەگەڵیدا چەند وڵاتێکی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداریکردن لەم جەنگە. ئیسرائیل لە زیاتر لە بەرەیەکی جەنگ دەکاتەوە و پێنج وڵات داگیر دەکات."
 
پێشبینیی ئەوەش دەکات، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە ئیسرائیل، چەندین وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەن و پرۆسەی ئاشتی رادەگەیێنن. 
 
لەیلا عەبدوللـەتیف، پێشتر چەندین پێشبینی کردبوو، بەڵام بەشێک لەو پێشبینییە گەورانە راست دەرنەچووبوون لەوانە، پێشبینیی کرد کامالا هاریس، هەڵبژاردنی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بباتەوە؛ بەڵام دۆناڵد ترەمپ بردییەوە. پێشبینیکرد هیلاری کلینتن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 بباتەوە؛ ترەمپ بردییەوە.
 
هەروەها  پێشبینیکرد جان عوبەید هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2021ـی لوبنان بباتەوە؛ جان عوبەید پێش هەڵبژاردنەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. 
پێشبینیی کردبوو سەرەتای 2024 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی سووریا بکات؛ بەڵام رووینەدا. 
 
پێشبینیی کردبوو محەممەد سەڵاح، ساڵی 2024 باڵۆندۆر بباتەوە؛ نەک هەر نەیبردەوە، بەڵکو لە لیستی 10 سەرەکیترین بەربژێرەکاندا نەبوو.
پێشبینیی کردبوو ئەم ساڵ دۆخی غەززە ئارامبێتەوە؛ بەڵام خراپتر بوو.
 
لەیلا عەبدولـلەتیف، تیشکی زیاتر دەخاتە سەر گیانلەدەستدانی کۆچبەران و دەشڵێت؛ بەلەم و کەشتییە مەرگهێنەرەکان کە کۆچبەران و ئاوارەکان هەڵدەگرن، دەگەڕێنەوە ریزی پێشەوەی هەواڵەکانی میدیا لە ساڵی 2025ـدا بەهۆی رووداوێکی تراژیدیی گەورە کە لە کەنارەکانی یەکێک لە وڵاتەکان روودەدات و دەبێتە کارەساتێکی گەورە لە دەریادا.
 
لە رووداوە زۆر گەورەکانیشدا پێشبینیی ئەوە دەکات؛ کوشتنی یەکێک لە سەرۆکەکان دەبینم لە دەرەوەی وڵاتەکەی، لەوانەیە سەرۆکی وڵات یان سەرکردەیەکی گەورە بێت لە یەکێک لە وڵاتەکان. 
 
دەشڵێت "یەکێک لە سەرۆک یان سەرکردەکان لە نەخۆشخانە دەبینم لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا. هەوڵی کوشتنی ئەو سەرۆکە لە نەخۆشخانە ئاشکرا دەبێت." 
 
باس لەوەش دەکات زیاتر لە حەوت سەرۆک و سەرکردەی جیهان هەوڵی کوشتنیان دەدرێت، کە بەهۆیانە ئاژاوەی زۆر گەورە سەرهەڵدەدات بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشەوە. 
 
پێشبینی ئەوەش دەکات بەشێکی سەرۆک و سەرکردەکانیش وڵاتیان جێدەهێڵن، موڵک، ئۆتۆمبێل و پارەکانیان بەجێدەهێڵن و دووردەکەونەوە بەهۆی رووداوی گرنگ و خەمناک لە ئەنجامی جەنگە ناوخۆییەکانەوە.  
 
"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەیەک پەکدەخرێن و ئامرازی سەیر مۆبایلەکان دەگرێتەوە، ئاژاوەیەکی زۆر گەورە روو دەدات و ترس و دڵەڕاوکێ بەهۆی هەندێک رووداو کە بەسەر مۆبایلەکانماندا دێت، روودەدەن و هەمووان پێی سەرسام دەبن."
 
لەبارەی بەهای کانزاکانەوە لە بۆرسەکانی جیهاندا، پێشبینی دەکات زێڕ، زیو و مس پلەی یەکەم دەگرن لە بەرزبوونەوەی نرخ دا، زێڕ لەوانەیە ئاستێکی چاوەڕوانکراو تێپەڕنێت دواتر بەهاکەی زۆر دەشکێت. 
 
"ئابووریی ئەورووپا دەچێتە قۆناخی هێڵە سوورەکان و دەستپێکی مەترسیی مایەپووچبوون دەستپێدەکات. بانکەکان لە دۆخی شڵەژان دەبن، چونکە دەبینم ساڵی 2025 ساڵی گۆڕانکاری و رووداوە گەورەکانە لە ئەورووپا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە