رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە یانەیەکی شەوانەی رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی شاری مورسیە دەڵێت، دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە لە کاتێکدا کە تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە گەڕان و دەرهێنانی خەڵک لە شوێنەکە.
بە گوتەی پۆلیس، تیمەکان کاژێر 6:00ی بەیانی بە کاتی ئیسپانیا (کە دەکاتە 7:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر)، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە ئاگادارکراونەتەوە.
پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) دەڵێت، پۆلیسی لێکۆڵینەوە و دادپزیشکی "نێردراونەتە یانەی شەوانەی مورسیە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە بکەن. تائێستا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە."
تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن بەشی ئاگرکوژاندنەوەی شارەکە بڵاوکراوەتەوە، پێشانیدەدات کە تیمی ئاگرکوژاندنەوە بە سۆندەیەکەوە بەنێو مێزەکانی یانەکەدا دەڕۆن کە هێشتا خواردنەوەیان لەسەرە.
بە گوتەی پۆلیس، ژمارەیەک کەس بەهۆی دووكەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
خۆزێ بالێستا، سەرۆکشارەوانیی مورسیە سێ رۆژ ماتەمینیی بەهۆی رووداوەکەوە راگەیاند.
ئەو باسی لەوە کرد زیاتر لە 40 کارمەند و 12 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەرەوە لە شوێنی رووداوەکەن.
دوایین رووداوی ئاگرکەوتنەوەی کوشندە لە مێژووی ئیسپانیادا لە ساڵی 1990 بوو، کاتێک 43 کەس بەهۆی سووتانی یانەیەکی شەوانەوە لە شاری زاراگۆزا گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ