رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی دەڵێت، هۆکاری گەرمبوونی لەڕادەبەری ئایفۆن 15 کە بەمدواییانە خراوەتە بازاڕەکانەوە، بریتییە لە هەبوونی کێشە لە نەرمەواڵەی هەندێ ئەپی وەک ئوبەر و ئینستاگرام.
ئەپڵ رۆژی شەممە گوتی، کار لەسەر نوێکردنەوەی سیستمی کارپێکردنی iOS17 دەکات بۆ رێگریی لە گەرمبوونی مۆبایلی ئایفۆن. بە گوتەی ئەپڵ، بەشێک لە ئەپەکان بە جۆرێک کاردەکەن کە "گوشارێکی گەورە دەخەنە سەر سیستمەکە."
ئینستاگرام، کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارێتی دەکرێت، هەفتەی رابردوو دەستکاریی ئەپەکەی کرد بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکاری گەرمبوونی ئایفۆن.
ئوبەر و ژمارەیەک ئەپی دیکەش سەرقاڵی دەستکارین بۆ ئەوەی سیستمەکانیان لەگەڵ ئایفۆن 15 رابێنن و رێگری لە گەرمبوونی بکەن. ئەپڵ بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی گوتووە: "ئێمە ژمارەیەک هۆکارمان دۆزیونەتەوە کە دەکرێت ببنە هۆی گەرمبوونی ئایفۆن بە رێژەیەکی بەرزتر لەوەی کە چاوەڕواندەکرێت."
گەرمبوونی ئایفۆنەکان شتێکی نائاسایی و دەگمەن نییە لە رۆژانی سەرەتای بەکارهێنانیاندا، لە کاتێکدا، کە داتایێکی زۆری پاشەکەوتکراو لەسەر ئینتەرنێتەوە دادەبەزێتە سەر مۆبایلەکە، کە ئەپڵ بەکارهێنەرەکانی لە رابردووشدا لەم پرسە ئاگادارکردووەتەوە. هەروەها ئامێرەکە دەکرێت لە کاتی بەکارهێنانی ڤیدیۆ گەیم و ئەپەکانی راستیی بەرزکراو یاخود AR کە راییکردنی داتاکانیان پێویستی بە وزەیەکی زۆرە، گەرمبێت. بەڵام گەرمبوونی ئایفۆن پازدە، ئەو سنوورانەی بەزاندووە.
ئەپڵ رەتیدەکاتەوە هۆکاری گەرمبوونەکە داپۆشەری تیتانیۆم بێت، کە لە ئایفۆنەکانی پڕۆ و پڕۆ ماکسی زنجیرەی پازدەدا بەکارهێنراوە.
کۆمپانیاکە ئەو گومانانەش بەدووردەخاتەوە کە هۆکاری گەرمییە لەڕادەبەردەکە بەکارهێنانی دەرچەی بارگاویکردنەوەی تایپ سی بێت، کە لەم زنجیرە ئایفۆنە نوێیەدا بۆ یەکەمین جار بەکارهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ