پەناخوازانی سووریایی لە سوودان دەربەدەر دەبن

01-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دیمەنی بەشێک لەو کەسانەی بەهۆی جەنگەوە دەیانەوێت سوودان جێبهێڵن
دیمەنی بەشێک لەو کەسانەی بەهۆی جەنگەوە دەیانەوێت سوودان جێبهێڵن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان هەزار کەس لە بەندەری سوودان لە چاوەڕوانیی مسۆگەرکردنی کورسییەکن لەنێو کەشتی بۆئەوەی لە شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکە هەڵبێن. پەناخوازانی سووریایی لە هەمووان دۆخیان خراپترە، کە لەترسی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەیان پەنایان بۆ سوودان بردبوو، بەڵام لەوێش شەڕ بەرۆکی گرتنەوە و دەربەدەر دەبن.
 
کەنعان مەحموود، هاووڵاتیی سووریایی دەڵێت، "نزیکەی 3000، 4000 بۆ 5000 کەسین، ژمارەی خەڵک لە بەندەر و کۆرنیش زۆرە. خەڵک لەسەر زەوی دەخەون، بەشێوەیەکی گشتی ژن و منداڵ و بەتەمەن و نەخۆشن."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 90 هەزار پەناخوازی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە سوودان نیشتەجێن. ئێستا زۆربەیان بوخچەکانیان پێچاوەتەوە و روویان لە بەندەری سوودان کردووە، بەو هیوایەی دواجار لە شوێنێکی سەلامەت بگیرسێنەوە.
 
محەمەد عامر مستەفا، هاووڵاتیی سووریایی باس لەوە دەکات، "لێرە لە شوێنێک دانیشتووین، خودا پاداشتی خێریان بداتەوە، شوێنیان بۆ دابینکردووین، بەڵام لەسەر زەوی دانیشتووین و هەموو ئەوانەی لێرەن لە شوێنی دوورەوە هاتوون، زۆربەمان لە خەرتوومەوە هاتووین."
 
خەڵك بەو هیوایەن بچنە سەر کەشتی و ناشزانن وێستگەی داهاتوویان کوێ دەبێت، بەڵام زۆربەی هاووڵاتییە بیانییەکان دەگەیێندرێنە سوودانی باشوور، چاد، میسر، سعودیە و ئەسیوپیا.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی سوودانەوە 528 کەس گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم 75 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
 
تاوەکو ئێستا پێنج ئاگربەست لەنێوان سوپای سوودان و هێزی پشتیوانیی خێرا راگەیێندراون و پێشێلکراون، ئەمە شەشەمینە، خەڵک لەژێر سێبەری رادەکەن کە دوا وادەی رۆژی چوارشەممەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە