وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لەنێو عێراقدا هەنگاومان بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانمان ناوە

01-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ماتیو میڵەر و دیار کوردە.
ماتیو میڵەر و دیار کوردە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە داهاتوودا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە نێو سنووری عێراقدا، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوایین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا ناڕەزایی تووندی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە و داواکارییەکانی کشانەوەی هێزە بیانییەکانی بەهێزترکرد. 
 
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، واشنتن پلانێکی پەسند کردووە بۆ ئەوەی لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازیدا لە بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، هێرش بکاتە سەر پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لەنێو سووریا و عێراق. 
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پرسیاری لە ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە ئایا نیگەرانیی ئەوە نین، ئەگەر هێرشێکی دیکە لە نێو عێراقدا بکەن، ناڕەزایی حکومەتی بەغدا زیاتر بێت؟ میڵەر لە وەڵامدا گوتی، "بە روونی بە حکومەتی عێراقمان گوتووە دوودڵ نابین لە پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان، پێشتر هەنگاومان لەنێو عێراقدا ناوە بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان، ئەوەش بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە بیکەین و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبین."
 
میڵەر هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دیار کوردەدا ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، داوایانکردووە "کاری زیاتر" بکەن "بۆ چاودێریکردنی هێرشی" سەر هێزەکانی ئەمریکا و "ئەوانەشی کە بەرپرسن رووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکەنەوە." لەدوای هێرشەکەی 28ی مانگی رابردووەوە بۆ سەر بنکەی تاوەر 22 لە سێگۆشەی سنووریی ئوردن - عێراق - سووریا، پەیامیان بۆ عێراق هەمان شتە. 
 
لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، واتە 10 رۆژ لە دوای جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارە عێراقی، سووری، لوبنانی و یەمەنییەکانی نێو ئەو شتەی کە ئێران بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی" ناوی دەبات و خۆیشی سەرکردایەتی دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادکردووە. 
 
لە کاتەوە لانیکەم 166 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باشووری کوردستان، سووریا، رۆژئاوای کوردستان و ئوردن. 
 
گرووپێک کە خۆی بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی هێرشەکان راگەیاندووە. 
بەڵام هیچ گرووپێک بە فەرمی هێرشەکە ئوردنی نەگرتووەتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی لانیکەم 40ی دیکە. 
 
ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکە "شوێنپەنجەی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی" پێوە دیارە. 
 
گرووپەکە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا رادەگرێت و لەو کاتەوە هیچ هێرشێکی نوێ نەکراوەتە سەر پێگە ئەمریکییەکانی عێراق، باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان یان ئوردن. 
 
بەڵام بە پێی میدیای ئەمریکی، هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەوە بووبێتە هۆکاری دواکەوتنی وەڵامی ئەمریکا.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
 
رووداو: زۆر سوپاس مات، لەدوای هێرشەکەی سەر ئوردن، حکومەتی عێراق هەندێک هەنگاوی نا و وایکرد ئەو گرووپانە راگەیێندراو دەربکەن و هێرشەکانیان بوەستێنن. ئێوەش کە بەدوای تۆڵە سەندنەوەن و دەتانەوێت وەڵامی ئەو گرووپانە بدەنەوە، بەتایبەتی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە عێراق. ئایا هیچ گفتوگۆیەکیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەو بارەوە کردووە؟ حکومەتی عێراقتان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێوە وەڵامی ئەو گرووپانە دەدەنەوە کە بەرپرس بوون لە هێرشکردنە سەر هێزەکانتان؟
 
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من قسە لەسەر هیچ پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ حکومەتی عێراق ناکەم، بەڵام بە گشتی، بۆ ماوەی چەندین مانگ، واتە ماوەیەکی درێژ پێش هێرشەکەی کۆتایی هەفتە، بۆ حکومەتی عێراقمان روونکردووەتەوە کە دەمانەوێت کاری زیاتر بکات بۆ چاودێریکردنی هێرشەکانی سەر هێزەکانمان و ئەوانەشی بەرپرسن رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان بکاتەوە. هەروەها گوتوومانە کە دوودڵ نابین لە هەنگاونان بۆ بەرگریکردن لە خۆمان. ئێستاش پەیامی ئێمە بۆ حکومەتی عێراق هەر ئەوەیە. پێش هێرشە تۆقێنەرەکەی کۆتایی هەفتەی رابردووش هەر بەو شێوەیە بوو و بۆ داهاتووشمان پەیاممان هەر ئەوە دەبێت.
 
رووداو: لەدوای هێرشەکانی رابردووتان، حکومەتی عێراق راگەیێندراوی دەرکرد و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێوەی بۆسەر ئەو گرووپانەکرد کە لە عێراقن، گوتیان ئەوە پێشێلکارییە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق. ئێوە کە پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، هیچ نیگەرانییەکتان هەیە کە ئەگەر هێرشێکی دیکە لە نێوخۆی عێراق بکەن ببێتە هۆکاری نیگەرانبوونی حکومەتی عێراق لە ئێوە یان شتێکی لەم جۆرە؟"
 
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: قورسە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە بێ ئەوەی قسە لەسەر شوێنی ئەو هێرشە بکەین، چ جای بگاتە کاتی هێرشەکانی داهاتوو کە من ئەو کارە ناکەم و لە رابردووشدا لەم شوێنەوە وامان نەکردووە. بەڵام بە گشتی بە روونی بە حکومەتی عێراقمان گوتووە، وەک پێش ئێستاش ئاماژەم پێدا، ئێمە دوو دڵ نابین لە پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان، پێشتر هەنگاومان لە نێو عێراقدا ناوە بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان، ئەوەش بەرپرسیارییەتی ئێمەیە کە بیکەین، لەسەر ئەمەش بەردەوام دەبین."
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە