رووداو دیجیتاڵ
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری باڵای کۆریای باکوور بە سوپاکەی راگەیاندووە، خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کۆریای باشوور و ئەمریکا "بسڕنەوە"، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە دەستپێشخەریی شەڕ بکەن.
لە بەرامبەر زیادکردنی تاقیکردنەوەی چەکی پێشکەوتوو لەلایەن پیۆنگیانگەوە، سیئۆل و واشنتن هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوانیان بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرزکردووەتەوە. میدیای کۆریای باکوور دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکانی وڵاتەکەی لە پیۆنگیانگ، کیم جۆنگ ئون پێی گوتوون، "ئەگەر دوژمن هەراسانیان بکات، پێویستە سوپا لەنێویان ببات."
کیم رایگەیاندووە، "ئەگەر دوژمن رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و دنەدان دژی کۆماری میللیی کۆریای دیموکرات هەڵبژێرێت، پێویستە سوپاکەمان گورزێکی کوشندەیان لێ بدات و بێ دوودڵی لە رێگەی بەکارهێنانی بەهێزترین توانا و ئامراز، بە تەواوی لەنێویان ببات."
کیم جۆنگ ئوون لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی ئەم دواییانە هەڕەشەی هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر کۆریای باشوور کردبوو و داوایکردبوو سوپا جبەخانەکەی بەهێز بکات بۆ ئەوەی بۆ جەنگێک "کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا بەرپابێت،" ئامادەبێت.
لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دیاریکردنی بەرنامەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2024، رێبەری باڵای کۆریای باکوور ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "چەندین جۆر هەڕەشەی سەربازی" بۆ سەر وڵاتەکەی دروستکردووە.
هەروەها داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، لە ئەگەری دروستبوونی "رووداوێکی گەورەدا هەموو خاکی کۆریای باشوور خامۆش بکەن لە رێگەی بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک، بە چەکی ئەتۆمیشەوە."
کیم بە جەنەڕاڵەکانی گوتووە، چیدیکە هەوڵی ئاشتەوایی و یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆریای باشوور نادات، چونکە "قەیرانێکی لەدەست دەرچوو" لەلایەن سیئۆل و واشنتنەوە دروستکراوە.
رۆژی دووشەممە، 01-01-2023، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، دەیانەوێت بە دانانی سیستمێکی بەرپەرچدانەوەی هاوبەش لەگەڵ واشنتن، کە بڕیارە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ تەواو بێت، خۆیان لە هەنگاوە سەربازییەکانی پیۆنگیانگ بپارێزن.
یوون لە گوتاری خۆیدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە گوتی، سیستمەکە "لە بنچینەوە بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی یان مووشەکیی کۆریای باکوور دەداتەوە."
لە ساڵی 2023، پیۆنگیانگ سەرکەوتووانە مانگێکی دەستکردی هەواڵگریی ناردە خولگەی زەوی، هەروەها لەنێو دەستووریدا خۆی وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی چەسپاند و پێشکەوتووترین مووشەکی بالیستیی خۆی تاقیکردەوە.
ساڵی 2022، پیۆنگیانگ خۆی وەک زلهێزێکی ئەتۆمی راگەیاند و چەندینجار گوتوویەتی کە دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکەی نابێت.
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2006ـەوە یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیارنامەی دەرکردووە کە تێیاندا داوای لە کۆریای باکوور کردووە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی بوەستێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ