رووداو دیجیتاڵ
گاری لینیکەر، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا، هانی ئەلیکساندەر ئارنۆڵد دەدات، بچێتە ریال مەدرید. وایداناوە ئەو هەنگاوە نموونەییە بۆ ئەو یاریزانە لاوەی لیڤەرپوول.
ئارنۆڵدی 26 ساڵ، تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێنەکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە، ئارنۆڵد دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە بیەوێت.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە ماوەی رابردوودا هەوڵەکانی ریال مەدریدیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ئاشکراکردووە. پێشتر سەرچاوەکان دووپاتیانکردبووەوە کە لە دوای یاریی لیڤەرپوول و ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، بەرپرسانی پاڵەوانی ئەورووپا بەئاشکراو ویستی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئارنۆڵد، بەبەرپرسانی لیڤەرپوول راگەیاندبوو.
گاری لینیکەر، لەبارەی ئەگەری چوونی ئارنۆڵد بۆ ریال مەدرید دەڵێت، "پێموایە کارەکە زۆر لۆژیکییە، لە ماوەی رابردوودا ریال مەدرید پشتی زۆر بەئەنجامدانی گرێبەستە خۆڕاییەکان دەبەستێت".
هەروەها دەڵێ، "ترێنت لە جود بێلینگهامەوە زۆر نزیکە، لەوێ زۆر بەئاسانی دەگونجێت و سەرکەوتنی گەورەش بەدەست دەهێنێت".
لینیکەر هەروەها دەڵێ، " لە مەدرید چاویان لەسەرئەوە نییە ئاستی ئەو لەبەرگری چۆن دەبێت، وەک ئەوەی لێرە هەیە و زێدەڕۆیی تێدا دەکرێت. لەوێ دۆخەکە جیاوازە، گواستنەوەکە بۆ ریال مەدرید زۆر نایاب دەبێت و شکستێکی گەورەشە بۆ لیڤەرپوول".
لینیکەر هەروەها دەڵێ، لیڤەرپوول جێگرەوەیەکی ئامادە و گەنجی بۆ ئارنۆڵد هەیە کە کۆنۆر برادلییە و ئاستێکی زۆرباش پێشکێشدەکات و شوێنگرەوەیەکی باشی ئارنۆڵدە، ئەوەش کاری گواستنەوەکەی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید ئاسان دەکات.
ئەستێرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا زیاتر دەڵێ، پێموایە ئەگەری روودانی گواستنەوەکە زۆر نزیکە، هەرچەندە من لەنێوخۆی لیڤەرپوولەوە هیچ زانیارییەکم لەسەر بابەتەکە نییە".
یانەی ریال مەدرید، لە باڵی راستی بەرگریدا کێشەی گەورەی هەیە، پاشئەوەی دانی کارڤاخال دووچاری پێکان بوو لە بەستەرەکانی ئەژنۆی و تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ ناگەڕێتەوە. لوکاس ڤاسکێزیش کە لە هەمان شوێن یارییدەکات، توانای بەشداریکردنی لە هەموو یارییەکانی یانەکەدا نییە، بەهۆی تەمەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ