رووداو دیجیتاڵ
یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا، گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی پۆرتوگال، دوای ئەوەی یاریی لووتکەی خولەکە بە زەحمەت لە یانەی بێنفیکای رکابەری بردەوە.
لە دێربیی لیسبۆنادا، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکە لەسەر یاریگەی خۆسێ ئالڤالادێی تایبەت بە سپۆرتینگ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای یارییەکەدا بێنفیکا نزیکبوو گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکات، بەڵام بەرگری و گۆڵپارێزی تیپی خاوەن یاریگە رێگریان دەکرد.
لە خولەکی 28 جێنی کاتامۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ یانەی سپۆرتینگ تۆمارکرد و خاوەن یاریگە پێشکەوت.
دوای ئەم گۆڵە، هەردوولا هێرشی زۆریان بردە سەر گۆڵی یەکدی و هەلی ئاسانیان لەدەستدا، بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم ڤیکتۆر کیکێرێش خۆی بەلێدانێکی بەهێز تاقیکردەوە، بەڵام بێ بەرهەم بوو، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی سپۆرتینگ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامدەبوون، بەڵام هیچ گۆڵێکی دیکە نەکرا، سپۆرتینگ یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
ئەمە یەکەم یاریی سپۆرتینگ لیسبۆنا لە دوای دەستنیشانکردنی روی بۆرگێس، وەکو راهێنەری یانەکە، کە چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر بە راهێنەری یانەکە دیاریکرا.
بەبردنەوەی ئەم یارییە سپۆرتینگ گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی پۆرتوگال و بە جیاوازیی گۆڵ لە پێش یانەی پۆرتۆی دووەمەوەیە و خاوەنی 40 خاڵە، یانەی بێنفیکا لە پلەی سێیەمە بە 38 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ