ئەمڕۆ کلاسیکۆیە.. عێراق و سعودیە یاریی مان و نەمان دەکەن

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کلاسیکۆی کەنداوە و هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یەکێکیان دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی و ئەوەی دیکەیان جانتاکانی کۆدەکاتەوە و کوێت بەرەو وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت.
 
بەر لەم یارییە هەردوو هەڵبژاردە خاوەنی سێ خاڵن، بەڵام سعودیە پێنج گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج گۆڵی لێکراوە، عێراق تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵی لێکراوە، بۆیە سعودیە لە پلەی دووەمە و عێراق لە پلەی سێیەمە، بەمەش هەڵبژاردەی عێراق جگە لە بردنەوەی یارییەکە هیچ هەلێکی دیکەی لەبەردەم نییە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا موهەنەد جەعاس، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، رێبین سولاقا بەهەمان شێوە زەحمەتە بەشداری لە یارییەکەدا بکات و دەنگۆی ئەوە هەیە یوسف ئەمین تووشی ئەنفلوەنزا بووبێت، بەڵام هێشتا بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
لە جامی کەنداوی رابردوودا کە لە بەسرە بەڕێوەچوو، عێراق و سعودیە رووبەڕووی یەکبوونەوە و عێراق بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە سعودیەی بردەوە و پاشان گەیشتە یاری کۆتایی و بووە پاڵەوان.
 
لە 2004ـەوە سیستمی جامی کەنداو کراوەتە کۆمەڵە و لەو کاتەوە هەڵبژاردەی سعودیە سێ جار شکستیهێناوە لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، کاتێک لە دوو یاریی یەکەمدا 3 خاڵی بەدەستهێنابێت، ئەمڕۆ هێرڤی رێنار دەیەوێت ئەو گرێیە بکاتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
موهەنەد عەلی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکە ئامادەیە، پشتبەخوا هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین و سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە."
 
عێراق و سعودیە لە جامی کەنداودا 9 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، عێراق 6 یاریی بردووەتەوە، سعودیە 2 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە یارییەکدا هەردوولا یەکسانبوون، عێراقییەکان 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 گۆڵ لەلایەن سعودییەکانەوە تۆمارکراون.
 
ئەحمەد کەسار، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سعودیە بەر لە یارییەکە دەڵێت "یارییەکە زۆر گرنگە و هەموو یاریزانەکان بۆ ئەم ئاڵنگارییە ئامادەن، ئەزموونێکی زۆرمان لەم جۆرە یارییانەدا هەیە، رۆحیەتێکی بەرزمان هەیە، دەمانەوێت بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی ئەم لۆگۆیە بکەین، رێز لە هەڵبژاردەی عێراق دەگرین، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێز لە لۆگۆکەشمان دەگرین و شانازی پێ دەکەین."

 
دوایینجار لە جامی کەنداو، هەردوولا بەرامبەر یەکدی یارییانکرد، لە جامی کەنداوی 25 بوو لە بەسرە و عێراق بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر سعودیە بەدەستهێنا و دوای ئەوەش بووە پاڵەوان.
 
بۆ بردنەوەی ئەم یارییە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پاداشتێکی دارایی 5 هەزار دۆلاریی بۆ هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەکە ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی یارییەکە ببەنەوە و بگەنە قۆناخی داهاتووی جامی کەنداو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە