رۆناڵدۆ دوای بردنەوەی گڵۆب سۆکەر چی گوت؟

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، دوو خەڵاتی لە ئاهەنگی گڵۆب سۆکەر لە دوبەی بەدەستهێنا و دەڵێت "ئەگەر گرەو لەسەر یانەیەک بکەم ئەوا ریال مەدریدە."
 
رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە چەندین ئەستێرەی ئێستا و پێشووی تۆپی پێ تێیدا ئامادەبوون، وەکو باشترین گۆڵی مێژوو خەڵاتێکی پێدرا کە تاوەکو ئێستا لە کاروانی یارییکردنیدا 916 گۆڵی تۆمارکردووە، جگە لەوەش خەڵاتی باشترین یاریزانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا.
 
کریستیانۆ لەو رێوڕەسمەدا گوتی "زۆر شانازی بەبردنەوەی ئەم خەڵاتە دەکەم وەکو باشترین گۆڵکار لە مێژووی تۆپێ پێدا، چونکە ئەمە خەڵاتی دووەمی منە لەم ئاهەنگەدا و هیوادارم ئەم خەڵاتە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر بکەم."
 
کریس زیاتر گوتی "من گەیشتوومەتە 39 ساڵ، بەڵام نەوەستاوم و بەردەوامم، چونکە دەمەوێت بەردەوام نازناو ببەمەوە و ببمە پاڵەوان، دەمەوێت گۆڵی زیاتر تۆماربکەم و چاوم لەوەیە شتێکی دیکە لەگەڵ پۆرتوگال ببەمەوە."
 
رۆناڵدۆ زۆر قسەیکرد، گوتی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەر بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشدەکرێن، بۆیە ئەم خەڵاتەم خۆشدەوێت، وەکو خەڵاتەکانی دیکە نین، لەکاتێکدا ڤینیسیۆس شایستەی باڵۆن دۆر بوو، کەچی دایانە رۆدری.

 
کریستیانۆ باسی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "یانەیەک هەبێت گرەوی لەسەر بکەم بۆ ئەوەی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، ئەو یانەیە ریال مەدریدە و سانتیاگۆ بێرنابیۆ ترسێنەری رکابەرەکانی یانەکەیە کاتێک دەچنە یاریگە و ئەو یانەیە هەمیشە دەتوانێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە."
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە ئامادەبووانی گوت "لە دوای وازهێنانم لە یارییکردن نابمە راهێنەر و بیر لەوە دەکەمەوە ببمە خاوەن و سەرۆکی یانەیەکی بەنێوبانگ."
 

ئەستێرە پۆرتوگالییەکە باس لە دۆخی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات و دەڵێت "مانچێستەر سیتی بە کاتێکی زەحمەتدا تێدەپەڕێت، بەڵام دڵنیام زۆر بەبەهێزییەوە دەگەڕێتەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە