رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر هەیە پێکانی دانی سێبایۆس لەوە گەورەتر و مەترسیدار بێت کە راگەیێنراوە. پزیشکێکی چارەسەری فیزیکیش پێشبینی دەکات ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە زۆرتر بێت لەوەی گووتراوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەستنیشانکردنی سەرەتایی ئەو پێکانەیان ئاشکراکرد کە دانی سێبایۆسی یاریزانی یانەی ریال مەدرید لە کاتی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد، لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا تووشی بوو، کە لە یاریگای ریالی ئارێنا تووشی بووە.
سیبایۆس لە خولەکی 92 لەگەڵ کوبۆی یاریزانی یانەی ریال سۆسیداد بەریەککەوتن و تووشی پێکان بوو.
سێبایۆس بە یارمەتی ستافی پزیشکی یانەی ریال مەدرید بەگریانەوە لە یاریگاکە رۆیشتە دەرەوە و بە روونی دیاربوو کە ئازارێکی زۆری هەیە و ئاماژەیە بۆ قورسی پێکانەکەی.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە بەپێی ئەوەی لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانەیان پێگەیشتووە، یاریزانەک 3 بۆ 4 هەفتە دووردەکەوێتەوە، بەڵام پسپۆرێکی چارەسەری فیزیایی بەپێی لێکدانەوەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئەوەی بینیویەتی لە کاتی دەرچوونی سێبایۆس لە یارییەکە، مەزندەی ئەوە دەکات پێکانەکەی قورستر بێت لەوەی دەگووترێت.
بەپێی ئەوەی کە لەلایەن چارەسەرکاری فیزیکی، سامر ئەلشەهرانییەوە ئاماژەی پێکراوە، سێبایۆس دوای دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر ماسوولکەی پشتەوەی رانی چەپی تووشی پێکان بووە و ئەمەش لەوانەیە کاریگەری لەسەر ماسوولکە و ریشاڵەکان هەبێت؛ کە هەندێکجار دەبێتە هۆی پچڕانی ماسوولەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردانەوە و ئازارەکە بەهێز بووە و توانای رۆیشتنی نەبووە، بەپێی ئەو دۆخەی کە یاریزانەکەی تێدا بینیوە لە کاتی دەرچوونی لە یاریگە، بەئەگەری زۆرەوە تووشی پچڕانی پلە دوو یان پلە سێ بووە.
ئەو پزیشکە روونیشیکردەوە "پچڕانی پلەیەک دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی یاریزانی پێکراو لە 10 بۆ 14 رۆژ، پچڕانی پلەدوو دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە 4 بۆ 6 هەفتە، بەڵام پچڕانی پلە سێ دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی لە 10 بۆ 12 هەفتە و تەنانەت لەوانەیە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت".
بەپێی ئەوەی پزیشکەکە گوتوویەتی "ئەگەر پچڕانەکەی سێبایۆس پلە دوو بێت یان سێ، لەو ماوەیە زیاتر دووردەکەوێتەوە کە پێشبینییان بۆ کردووە، بەڵام ئەگەر پلە سێ بێت کێشەکە گەورە دەبێت و لەوانەیە ئەم وەرزە بۆ سێبایۆس کۆتایی بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ