ڤیدیۆ؛ دالکورد لە بارودۆخێکی خراپدا یادی 18 ساڵەی دامەزراندنی پیرۆزدەکات

26-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دالکورد
دالکورد
نیشانەکردن دالکورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 18 ساڵ بەسەر دامەرزاندنی ئەو یانەیەدا تێدەپەڕێت کە زۆرن ئەوانەی لە رێگەیەوە کورد دەناسن و هەمیشەش لە یارییەکانیدا ئاڵای کوردستانیان لەگەڵە.
 
ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی یانەی دالکوردی سوێدییە، کە لە ئاستێکی بەرزی تۆپی پێی ئەو وڵاتەدا یارییدەکات و لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا چەندین دەستکەوت و نازناوی جیاوازی لەسەر ئاستە جیاوازەکانی وڵاتەکە بەدەستهێناوە.
 
دالکورد لە 2004 لە شاری دالارنای سوێد، لەلایەن چەند کۆچبەرێکی کوردەوە بڕیاری دامەزراندنی درا، ناوەکەی لە دوو بڕگە پێکهاتووە، دال + کورد، کە دال لە شارەکە وەرگیراوە و کوردیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی یانەکە یانەیەکی کوردییە، بەڵام لە سوێد یارییدەکات.
 
یانە کوردییەکەی سوێد، بەهۆی ناوبانگ و ئاڵای کوردستانەوە خاوەن ناو و ناوبانگێکی زۆر و زۆرن ئەوانەشی وەک هەڵبژاردەیەکی کوردستان لە ئەوروپا سەیری یانەکە دەکەن، پێشتر رەمەزان کزل، سەرۆکی پێشووی یانەکە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یانەکە بە رووداوی گوتبوو، ئامانجی یەکەممان لە دامەزراندنی یانەی دالکورد بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دەنگی کوردە لە ئەوروپا، لە رێگەی یارییکردنەوە، بۆیەش لێرە لە سوێد زۆرجار سوێدییەکان بە دالکورد دەڵێن هەڵبژاردەی کوردستان.
 
دالکورد ئەمساڵ لە بارودۆخێکی خراپدا یادی دامەزراندنی دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێستا لە خولی پلە یەکی سوێد ناسراو بە سوپێرتان یارییدەکات و ئەنجامەکانیش تاوەکو ئێستا جێگەی دڵخۆشی نین.
 
یانەکە لە 24 یاریی ئەم وەرزەدا تەنیا 6 یاریی بردووەتەوە و لە پلەی شازدەیەم و کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە و مەترسیی دابەزینی بۆ خولی پلە دوو لەسەرە.
 
گەورەترین دەستکەوتی یانە کوردییەکە، بەشداریکردنە لە خولی یانە نایابەکانی سوێد کە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەو وڵاتەیە و ساڵی 2017 توانیی ئەو مێژوویە تۆماربکات، بەڵام دوای تەنیا یەک وەرز جارێکی دیکە داقبەزی بۆ خولی پلە یەک.
 
دالکورد لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا ساڵانە چەندین یاریزانی کوردی بۆ ریزەکانی گواستووەتەوە و ئێستاش لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، چەندین یاریزان لە تیپەکەدا یارییدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە