ئێمباپێ: بایەخ بەژمارەکانی لیڤاندۆڤسکی نادەم

26-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید خولی لالیگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ڤایادۆلید لە لالیگا بە ئەنجامی 3 - 0 دەربڕی، دووپاتیکردەوە، دەتوانێت لە هەموو شوێنێکی هێڵی هێرشبەری تیپەکە یاریی بکات.
 
ئێمباپێ، لە یارییەکەدا لە خولەکەکانی 30، 57 و 91 سێ گۆڵی تۆمارکرد و ئەوە یەکەم هاتریکی ئەو یاریزانەیە بەدرێسی ریال مەدریدەوە.
 
ئێمباپێ دوای یارییەکە گوتی، "زۆر دڵخۆشم، بەڵام گرنگترین شت بردنەوەی یارییەکە بوو. من هەموو هەفتەیەک هەمان قسە دووبارە دەکەمەوە کە دڵخۆشم، بەڵام گرنگترین شتی ئەمشەو، بردنەوەمان بوو پاش یەکسانبوونەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەستمانکرد هەندێک گوشارمان لەسەرە و هاوکات هەلێکی گەورەمان هەیە. یارییەکەمان بەباشی دەستپێکرد، گوشارمان خستە سەر رکابەرەکەمان، باش یاریمانکرد بەتۆپ، سەرکەوتووبووین لە گۆڵکردن لە هێرشێکی بەکۆمەڵدا".
 
هەروەها دەڵێ، "لە گێمی دووەمدا، بۆ ماوەیەکی یەکم ئاستمان گۆڕا، بەدە خولەک ئیشەکەمان ئەنجامدا، بەڵام دوای گۆڵی دووەم، دۆخەکە باشتر بوو، من زۆر دڵخۆشم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئاستی بەکۆمەڵی تیپەکەوە، ئێمباپێ دەڵێ، "ئەمجۆرە یارییانە متمانەی زیاترمان پێدەبەخشێت، بەڵام وەک دەزانن تاوەکو گەڕی 38 هیچ شتێک کۆتایی نایەت، ئێمە دەبێ لە کارکردن بەردەوام بین، بەمتمانە و خاکەڕاییەوە".
 
کیلیان، لەبارەی پەسنکردنی تواناکانییەوە لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدەوە دەڵێ، "وەک لە رۆژی یەکەمەوە گوتم، من دەتوانم لە هەموو شوێنەکانی هێڵی هێرشبەری یانەکە یاریی بکەم".
 
ئەو دووپاتیدەکاتەوە، "پێویستم بەخۆگونجاندن هەبوو، ئێستا پێموایە هەمووان دەبینن کە دەتوانم وەک هێرشبەری سەرەڕم یان باڵ یاریی بکەم. پڕۆسەی خۆگونجاندن کۆتایی هات، هەستدەکەم من ئاستێکی باش پێشکێش دەکەم، ئەوەی لە یاریگەدا دەیکەم، بەشێوەیەکی سرووشتیی دێت".
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە، بایەخ بەنزیکبوونەوە لە ژمارەی گۆڵەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسێلۆنا نادات و بەدەر لە پلانە سەرەکییەکانی خۆی ناویبرد.
 
روونیکردووەتەوە، "ئامانجی سەرەکیم هاوکاریکردنی هاوڕێکانمە، چ ڤینیسیۆس یان رۆدریگۆ یان هەر یاریزانێکی دیکە. لە هەموو شتێک گرنگتر، بردنەوەی ریال مەدریدە".
 
ئاماژەی بەوەداوە، "ئەگەر بوومە گۆڵکەری خول، ئەوە کارێکی ناوازە دەبێت، پێشتریش لە کاروانی خۆمدا زۆرجار ئەوەم کردووە، بەڵام ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات، بردنەوەی نازناوەکانە، لە کۆتاییدا بردنەوەی نازناوی خول لە هەموو شت گرنگترە".
 
لەبارەی یاریی داهاتووەوە، بەرامبەر برێست لە چامپیۆنزلیگ، هێرشبەرەکەی ریال مەدرید دەڵێ، "من باش دەیانناسم، یارییەکی قورس دەبێت، ئەوان زۆر بەباشی یارییدەکەن لە یاریگەی خۆیاندا، ئەرکەکەمان ئاسان نابێت، ئێمە دەبێ ببەینەوە، چونکە ریال مەدرید هەموو کاتێک هەوڵی بردنەوە دەدات".
 
ئێمباپێ لە دوای هاتریکەکەی ڤایادۆلیدەوە، کۆی گۆڵەکانی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا گەیاندە 15 گۆڵ و تەنیا یەک گۆڵ لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسێلۆناوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە