نهێنی پشتگوێخستنی ئاردا گولەر لەلایەن ئەنچێلۆتییەوە ئاشکرابوو

25-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ئاردا گولەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاردا گولەر، ئەستێرەی تورکی و یاریزانی یانەی ریال مەدرید، لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو لە یارییەکانی تیپەکەیدا ئامادەنەبووە. پرسیار ئەوەیە بۆچی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکە پشتی پێنابەستێت، لەکاتێکدا پێشتر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا هەمیشە پەسنی دەدا.
 
گولەر لە دوو یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت، لە دوایین 4 گەڕی خولی ئیسپانیاشدا بەشداری نەکردووە.
 
یاریزانە تەمەن 19 ساڵەکە لە دوای یاریی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر لیگانێس لە 5ـی شوباتدا یەک خولەک یاری نەکردووە.
 
رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکرد، باس لە نهێنی کودەتاکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی، بەڕێوەبەری تەکنیکی یانەی ریال مەدرید، لەسەر یاریزانە تورکییەکەی کردووە.
 
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، هۆکاری سەرەکی ناڕەزایی ئەنچێلۆتی بەرامبەر ئاردا گولەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گونجاو ئەرکی بەرگری ئەنجام نادات، سەرەڕای ئەوەی راهێنەر باوەڕی بە تواناکانی هێرشبەریی یاریزانەکە هەیە.
 
ئەنچێلۆتی سەبارەت بە ئامادەنەبوونی گولەر لە یارییەکانی ئەم دواییەی یانەی ریال مەدرید لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یاریزانەکە باشە و ئامادەیە بەشداری بکات"، بەبێ ئەوەی هۆکاری یاری نەکردنی ئەو یاریزانە روون بکاتەوە.
 
پێشتر راهێنەری ریال مەدرید زیاتر لە جارێک ئەمەی بۆ گولەر روون کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو یاریزانە لە بەشداریکردن لە دوایین یارییەکانی لەگەڵ تیپەکە دووربخاتەوە.
 
ئاردا گولەر لە 27 یارییدا لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری کردووە و 967 خولەک یاری کردووە و 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە