رووداو دیجیتاڵ
خۆسێ بۆردالاس، راهێنەری یانەی خیتافی، ئاشکرایکردووە لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە، پاشئەوەی خۆی و خێزانەکەی هەڕەشەیان لێکرا، پاش یەکسانبوونی یانەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا 1 - 1 لە خولی ئیسپانیا.
راهێنەری خیتافی ئاماژەی بەوەداوە کە کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا و هانزی فلیکی راهێنەری هەمان یانە، شایستەی رێز نین.
بۆردالاس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیێداد گوتی، "باش نیم، ئەوەی روویدا مەترسیدارە. بوونم لێرە بەهەل دەزانم تاوەکو پێتان رابگەیەنم کە سکاڵام لای پۆلیس تۆمارکردووە و دڵنیام لەوەی دادپەروەری دەچەسپێت و ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە دووبارە نابنەوە".
بەهۆی یەکسانبوونەکەی خیتافییەوە، بارسێلۆنا بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگا دابەزی، بەجیاوازیی حەوت خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ.
بۆردالاس پێشتر ئاشکرایکردبوو کە خۆی و هاوژین و منداڵەکانی رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەتەوە بەهۆی یارییەکەی بارسێلۆنا.
بۆردالاس وەڵامی سەرۆکی بارسێلۆنا و راهێنەری ئەو یانەیەی دایەوە کە رەخنەی زۆریان لە شێوازی یارییکردنی خیتافی لە یارییەکەدا گرتبوو و گووتبوویان کەشی نێگەتیڤیان لە یارییەکەدا دروستکردووە.
دوای یارییەکەی خیتافی، هانزی فلیک گوتی، "یارییەکە هەڵچوونی زۆری بەخۆوە بینی لە هەموو بەرکەوتنێکدا. لە ژیانمدا رووداوی لەمشێوەیەم نەبینیوە، ئەمە بۆ من کارێکی باشە و دەبێ لەگەڵیدا هەڵبکەم، نامەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم کە روویدا، چونکە ئەوان بەدرێژایی کاتی یارییەکە هاواریاندەکرد، لە کاتێکدا ئێمە بیرکردنەوەمان تەنیا لای بردنەوە بوو".
بۆردالاس لە وەڵامدا دەڵێ، "دەزانن کە من راهێنەرێکی زۆر بەڕێزم بەرامبەر هاوکارەکانم، کارەکە ئاسانە، رێزی ئەوە دەگرم کە رێزم دەگرێت. ئەوەی رێزم نەگرێت شایستەی رێزگرتنی من نییە".
راهێنەری خیتافی هەروەها دەڵێ، "ئەوەی دەگوترێ تەنیا بیانوو هێنانەوەیە، کاتێک نابەیتەوە، ئیدی دێی بەدوای بیانوودا دەگەڕێیت. هیوادارم هەموو یارییەک ئەمجۆرە گلەییانەمان لێبکرێت، چونکە ئەمە ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی خیتافی، نامەوێت کەس هیوای بەختی باشترم بۆ بخوازێت، بارسێلۆنا نەیانبردەوە، چونکە ئێمە یارییەکی باشمانکرد".
بۆردالاس دروشمەکانی رەگەزپەرستی رەتکردەوە و گوتی، هیوادارم ئەوەی کەو کارە دەکات، لە یاریگە بکرێتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ