سوودانی هۆشداری دەداتە عەدنان درجال و بەرپرسانی تۆپی پێی عێراق

25-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد شیاع سوودانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆبووەوە و جەخت لە سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکە بۆ مۆندیالی داهاتوو دەکاتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازیی لە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئەندامانی جێبەجێکاری فیدراسیۆنەکە کرد."
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی گوتووە "زۆر گرنگە هەموو توانایەکتان بخەنەگەڕ لە پێناو گەیشتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێ بە مۆندیالی 2026 و جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هەموو ناکۆکییەکان بەلاوەبنێن، چونکە سەرنەکەوتن بۆ مۆندیال، شکستی هەمووانە."
 
محەممەد شیاع سوودانی، بە سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی گوت "پێویستە پاڵپشتییەکی نیشتمانی گەورە هەبێت، هەرکاتێک کێشەیەک یان کەموکورتییەک هەبێت، پێویستە جێبەجێ بکرێت و دڵنیاببنەوە لەوەی کە دووبارە نابێتەوە."
 
لەلایەن خۆیەوە، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەناوی فیدراسیۆنەکەوە سوپاسی پاڵپشتیی سەرۆکوەزیرانی کرد و جەختی لە قسەکانی سوودانی کردەوە بۆ کارکردنێکی زۆرباش بۆ ئەم قۆناخە گرنگەی پاڵاوتنەکانی مۆندیال و ئاماژەی بە پێکهێنانی لیژنەی تایبەت لە فیدراسیۆنەکە کرد، لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردەکە بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو.
 
ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لە کاتێکدایە، مانگی ئاداری داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریی دیکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەرامبەر فەلەستین و کوێت دەکات و لە ئەگەری بردنەوەی ئەو دوو یارییە هەڵبژاردەکە هەلێکی زۆر گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بەشداری لە مۆندیالدا بکات، کە لە 1986ـەوە هەڵبژاردەکە نەیتوانیووە بەشداری لە جامی جیهاندا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە