رکابەرەکەی مانچێستەر سیتی، جولیان ئەلڤارێز دەباتەوە پرێمەرلیگ

16-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی لیڤەرپوول جولیان ئەلڤارێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی پرێمەرلیگ، بڕیاریداوە هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بکات و جارێکی دیکە ئەو یاریزانە بباتەوە پرێمەرلیگ.
 
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، یانەی لیڤەرپوول پارەیەکی زەبەلاحی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارێزی تەمەن 25 ساڵان تەرخانکردووە، پاشئەوەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی ئاستێکی ناوازەی لە وەرزی ئەمساڵدا پێشکێشکرد.
 
ئەلڤارێز هاوینی رابردوو لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە کرد، لەپێناو دۆزینەوەی هەلێکی باشتری یارییکردن، لەسایەی بوونی ئێرلینگ هالاند لە مانچێستەر سیتی.
 
یانەی لیڤەرپوول ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئاتلێتیکۆ مەدرید لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئارنێ سلۆتی راهێنەری لیڤەرپوول و بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە پێیانوایە ئەو هێرشبەرە هەلی رکابەریکردنی لیڤەرپوول لەسەر نازناوەکان لە وەرزی داهاتوودا زۆر بەرەو سەردەبات، بەتایبەت کە ئاستی هەریەکە لە داروین نونیێز و دیۆگۆ جۆتا وەک پێویست نییە و ناتوانن لە دۆخی هەستیاردا یانەکە بگەیەننە ئەنجامی باش.
 
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لای بەرپرسانی لیڤەرپوول بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە ئەوەیە، کە ئەوان پێیانوایە ئەلڤارێزی ئەزموونێکی باشی لە پرێمەرلیگ وەرگرتووە بەهۆی یارییکردن لە سیتی و کێشەی گونجان و درەوشانەوەی نابێت لەگەڵ یانەکە.
 
ئەلڤارێز لەسەرەتای دەرکەوتنیدا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ ئاستی وەک پێویست نەبوو، بەڵام دواتر درەوشایەوە و ئێستا خاوەنی 10 گۆڵ و دوو ئەسیستە لە لالیگا و لە چامپیۆنزلیگیش خاوەنی حەوت گۆڵە و لە جامی شای ئیسپانیاش پێنج گۆڵ و دوو ئەسیستی هەیە.
 
میدیاکان دەڵێن، لیڤەرپوول ئەو راستییە باش دەزانن کە ئاتلێتیکۆ مەدرید بەئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە نابن، هەر بۆیە ئامادەن ئەو پارە زۆرە بدەن لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە