رۆناڵدۆ سوپاسی عەلی دایی دەکات

24-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ عەلی دایی
A+ A-

رووداو دیجیتال

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یاریزانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، پەیامێکی سوپاسگوزاری ئاراستەی عەلی دایی ئەستێرە و ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی ئێرانی کرد، بەبۆنەی پیرۆزباییکردنی لە کریس لەبەر هاوتاکردنی ریکۆردەکەی.

رۆناڵدۆ لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2020 دووجار گۆڵی لە فەرەنسا کرد و ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکانی بەرزکردەوە بۆ 109 گۆڵ، کە یەکسانە بە ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکانی دایی، کە تاوەکو ئێستا ئەو بەتەنیا خاوەنی ریکۆردی مێژوویی بوو، لە تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتی.

دایی پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ رۆناڵدۆ ناردبوو، و نووسیبووی "جوانترین پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەم، کە یەک گۆڵی ماوە بۆ شکاندنی ریکۆردە مێژووییەکەم، لەبارەی ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکان".

عەلی هەروەها لە پەیامەکەیدا، دەشڵێت "شانازی بەوە دەکەم کە رۆناڵدۆ ریکۆردەکەم دەشکێنێت و ئەم دەستکەوتە نائاساییەم بەدەست رۆناڵدۆوە دەشکێنرێت، ئەو یاریزانێکی مەزن و پاڵەوان و مرۆڤێکی ئیلهامبەخشە، کاریگەری لەسەر زۆر کەس هەیە لە جیهاندا".

رۆناڵدۆ لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەیدا، وەڵامی علی دایی داوەتەوە و نووسیویەتی "پاڵەوانە راستەقینەکان بۆ هەمیشە وەک پاڵەوان دەمێننەوە، من زۆر شانازی دەکەم کە ئەم جۆرە وشانە لە ئەفسانەیەکی مەزنی وەک تۆوە دەبیستم، سوپاس عەلی دایی".

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ لە 3 یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی کرد بۆ قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2020، کە تێیدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێتەوە، ئەو تاوەکو ئێستا گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە