پیلانێکی جەهەننەمی لەدژی بارسێلۆنا لەئارادایە

24-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی سوورە لەسەر گواستنەوەی لامین یامال لە هاوینی داهاتوودا بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان. بارسێلۆناش دەیەوێت پەلە بکات لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، چونکە لە هەوڵەکانی پاریس دەترسێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، بەرپرسانی بارسێلۆنا بە هەوڵەکانی ناسر خلێفی و یانەی پاریسییان زانیوە، بۆیە ترسیان لێنیشتووە و دەیانەوێت بە زووترین کات گرێبەستی ئەستێرە گەنجەکەیان نوێ بکەنەوە و بەمەرجێکی سزایی گەورە بیپارێزن.
 
میدیای فەرەنسا باس لەوە دەکات کە ناسر خلێفی سوورە لەسەر بردنی یامال بۆ ریزەکانی یانەکەی لە هاوینی داهاتوودا و دەڵێن "خلێفی بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی لەبەر دەستدایە".
 
ئەو سەرچاوانە هەروەها باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی یانەی پاریسی متمانەیان بەوە هەیە کە بەپارەیەکی زۆر دەتوانن لامین رازی بکەن ریزەکانی بارسێلۆنا بەرەو پاریس جێبهێڵێت.
 
لامین یامال سەرەڕای ئەوەی ئێستا بەیەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دادەنرێت، کەمترین مووچە لە بارسێلۆنا وەردەگرێت، بەڵام بەرپرسانی بارسا بەڵێنیان پێداوە بە مووچەیەکی شایستە گرێبەستەکەی بۆ نوێ بکەنەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیشی دەکەنە یەک ملیار یۆرۆ.
 
پێشتر هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کردووە کە لامین و بەرپرسانی بارسا لەسەر گرێبەستێکی نوێ رێککەوتوون و تەنیا واژۆکردنەکەی ماوە و دواخراوە بۆ 13ـ7ـی2025 ئەوکاتەی تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ناسر خلێفی دەکرێت بەپێی ئەو پلانەی دایناوە، هەمان سیناریۆی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی لەگەڵ بارسێلۆنا دووبارە بکاتەوە و لامین بباتە پاریس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە