لە فەرەنسا 'سکانداڵ'ی ناوبژیوانەکان تەقییەوە و پەنجەی تۆمەت روو لە سانجێرمانە

24-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی فەرەنسا[ یانەی پاریس سانجێرمان یانەی مارسیلیا رۆبێرتۆ دی زێربی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی مارسیلیا، هێرشی تووندی کردە سەر ناوبژیوانانی خولی فەرەنسا و خولەکەی بە گەندەڵیی گەورە تۆمەتبارکرد. راهێنەری هەمان یانە هاوڕای سەرۆکەکەی بوو، لە کاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەڵێ ئەوەی سەرۆکی مارسیلیا کردوویەتی، سووکایەتی و ناوزڕاندنە.

 

هەندێک سەرچاوە دەڵێن، لە کۆی دیمەنی گشتیی رووداوەکان و هەڵەی ناوبژیواناندا، یانەی پاریس سانجێرمان سوودمەندی سەرەکییە.

پابلۆ لۆنگۆریا، سەرۆکی یانەی مارسیلیا هێرشێکی تووندی کردە سەر ناوبژیوانانی خولی فەرەنسی، پاشئەوەی تیپەکەی بە ئۆکسێر دۆڕا بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر، ئاماژەی بەوەداوە یانەکەی بووەتە قوربانیی پیلانگێڕییەکی ئاشکرا.
 
لۆنگۆریا، لەدوای دەرکردنی دیریک کۆرنیلیۆسی یاریزانی یانەکەی لە خولەکی 63ی یارییەکەی ئۆکسێر گوتی، "20 ساڵە لەم بوارەدا کاردەکەم، شتی هاوشێوەی ئەوەی ئێستام نەبینیوە، هەموو شت پێشتر پیلانی بۆ داڕێژراوە، لەو کارتە زەرەوە کە بە بالێردی درا تاوەکو کۆتایی، ئەمە گەندەڵییەکی ئاشکرایە".
 
ئەو تووندتر قسەیکرد و دەڵێ، "ئەمە خول نییە و نوکتەیە، ئەگەر داوای بەشداریکردن لە سوپەرلیگمان لێبکرێت، دەستبەجێ رازی دەبین و لە خولەکە دەچینە دەرەوە".
 
سەرۆکی مارسیلیا بەرۆژنامەڤانانی گوت، "هەرگیز شتی وام نەبینیوە، ئەمە گەندەڵییە، جوان بنووسن گەندەڵییە، گەندەڵیی راستەقینە".
 
دی زێربی پەشیمانە
 
رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری مارسیلیا، بەهەمان شێوە تووڕەبوون و ناڕەزایەتیی تووندی خۆی لە خولەکە و ئاستی ناوبژیوانان دەربڕی.
 
ئەو راهێنەر ئیتاڵییە، دوای شکستی تیپەکەی بەرامبەر ئۆکسێر گوتی، "من ئیتاڵیم، لە دوای مارسیلیاوە مەشقدانی هیچ یانەیەکی دیکە لە فەرەنسا وەرناگرم".
 
هەروەها دەڵێ، "کێشە لە خولی فەرەنسادا هەیە، بەڵام ئەگەر فەرەنسییەکان بەم ئاستەی ناوبژیوانەکانیان رازین، پیرۆزیان بێت، ئەوەی لە یارییەکەی ئۆکسێردا روویدا سکانداڵ بوو".
 
راهێنەری مارسیلیا دەڵێ، "ناوبژیوان نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکێش بکات، چونکە بەر لە یارییەکە هەڵایەکی زۆری لەسەربوو".
 
دی زێربی هەروەها گوتبووی، هیوادارم کەس لە دەرەوەی فەرەنسا کارتە سوورەکەی کۆرنیلیۆس نەبینێت، چونکە ئابڕووبەرە.
 
پێشتر یانەی مارسیلیا لە دەستنیشانکردنی جیریمی ستینات بەناوبژیوانی یارییەکە ناڕازی بوو، پاشئەوەی ئەو ناوبژیوانە لەسەرەتای ساڵدا بووە هۆکاری سزادانی مەهدی بن عەتییەی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە لە دوای یاریی نێوان مارسیلیا و لیل لە جامی فەرەنسا.
 
ئاراستەکە بەرەو پاریسە
 
ئەگەرچی بەرپرسان و راهێنەری مارسیلیا هیچ ئاماژەیەکیان بەتێوەگلانی پاریس سانجێرمان لە کێشەی ناوبژیواناندا نەکردووە، بەڵام سوودمەندی یەکەم لە شکستی مارسیلیا، یانەی پاریس سانجێرمانی پێشەنگی خولی فەرەنسایە.
 
لە دوای شکستەکەی مارسیلیا بەرامبەر ئۆکسێر، پاریس سانجێرمان بەهۆی بردنەوەی خۆی لە لیۆن بە 2 - 3 گۆڵ، بەجیاوازیی 13 خاڵ لە مارسیلیای دووەمی ریزبەندی دوورکەوتەوە و تاڕادەیەکی زۆر، نازناوی خولەکە لەبەرژەوەندی یانە پاریسییەکە کۆتایی هاتووە.
 
پاریس سانجێرمان، لە وێنە گشتییەکەی رووداوەکانی خولی فەرەنسادا بەجۆرێک لە جۆرەکان تۆمەتبار دەکرێت، بەتایبەت کە چەند رۆژێک لەمەوپێش، سەرۆکی یانەی لیۆن ئاشکرایکردبوو سکاڵا لەسەر ئەو یانەیە تۆمار دەکات، چونکە بەپارەی قەتەر بەڕێوەدەچێت و یاسای فەرەنساش رێگەنادات پارەی وڵاتێکی دیکە، رکابەریی نێوان کۆمپانیا فەرەنسییەکان بشێوێنێت.
 
فیدراسیۆن هەڕەشە دەکات
 
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بەتووندی وەڵامی سەرۆک و راهێنەری مارسیلیای دایەوە و گوتی ئەوەی ئەوان دەیکەن، ناوزڕاندنە.
 
دیالۆ تووڕەیی خۆی لە لێدوانی لۆنگۆریای سەرۆکی مارسیلیا دەربڕی و گوتی سەرکۆنەی دەکەم.
 
دیالۆ بڵاوکراوەیەکی لە دژی یانەی مارسیلیا راگەیاندووە کە تێیدا هاتووە، "بەتووندترین شێوە لێدوانەکانی سەرۆک و بەرپرسانی یانەی مارسیلیا دژ بەناوبژیوانانی فەرەنسا بەگشتی و جیریمی ستیناتی ناوبژیوان بەتایبەتی رەتدەکەمەوە و پشتگیریی تەواوی بڕیارەکانی ئەو ناوبژیوانە دەکەم".
 
هەروەها دەڵێ، "گومانکردن لە خاوێنیی ناوبژیوانەکانمان ناوزڕاندن و قبووڵکراو نییە و هەڵبەستراوە. ئەمجۆرە کۆمێنتاە زیانی مەترسیدار بەوێنەی پاڵەوانێتییەکەمان دەگەیێنن".
 
ئەوە یەکەمجار نییە بەرپرسانی مارسیلیا نیگەرانیی خۆیان لەئاستی ناوبژیوانانی خولی فەرەنسا دەردەبڕن، بەڵام پێشتر هیچ جارێک وەک ئێستا، تۆمەتی گەندەڵییان نەداوەتە پاڵ ناوبژیوانان.
 
سکاڵا لە دژی لۆنگۆریا
 
لێدوانەکانی لۆنگۆریا لە زیاتر لە بەرەیەکەوە رەتکرانەوە و هێرشیان کرایە سەر. دەستەی ناوبژیوانانی 'لیگ ئا' بەهەمان شێوە لێدوانەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند لای لیژنەی رێککارییەکای سەر بەفیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، سکاڵا تۆمار دەکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی گونجاو.
 
دەستەکە دەڵی، "سکاڵا بەتۆمەتی ناوزڕاندن دەکەین لە دژی هەموو ئەوانەی لە پشت بڵاوکردنەوەی پەیامی رقلێبوونەوە و ئەو هەڕەشەی کوشتنانەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا لێمانکراوە".
 
چیرۆکەکە کۆنترە
 
تۆمەتبارکردنی ناوبژیوانانی خولی فەرەنسا لەلایەن بەرپرسانی مارسیلیاوە، بۆ کاتێکی پێشووتری ئەمساڵ دەگەڕێتەوە.
 
ئەو یانەیە بەپلەی یەکەم ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی، کاتێك دیریک کۆرنیلیۆسی یاریزانی یانەکە، لە یارییەکەدا دووکارتی زەردی وەرگرت و بەهۆیەوە کارتی سووری پێدرا و لە یارییەکە دەرکرا.
 
بەر لە کارتە سوورەکەی ئەو یاریزانە، ئەنجامەکە پاشکەوتنی مارسیلیا بوو بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، بەڵام دوای ئەو کارتە، یانەکە دوو گۆڵی دیکەی لێکرا.
 
هەمان ناوبژیوانی یارییەکەی مارسیلیا و ئۆکسێر، پێشتر کاتێک لە یاریی نێوان مارسیلیا و لیل لە جامی فەرەنسا، ناوبژیوانی چوارەمی یارییەکە بوو، بووە هۆکاری دەرکردن و سزادانی مەهدی بن عەتییە، لەبەرئەوەی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بڕیارەکانی دەربڕیبوو.
 
لای خۆیەوە فابریزیۆ رافانێلی، یاریزانی پێشووی مارسیلیا، کە ئێستا راوێژکاری یانەکەیە، بەهەمان شێوە لە بڕیارەکانی ناوبژیوان تووڕەیە و دەڵێ، نەیدەزانی چی دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە