نۆیەم رۆژی شرۆڤەی یارییەکانی یۆرۆی 2024 رۆژی رۆناڵدۆ بوو

23-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 رۆژی نۆیەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نۆیەم رۆژی شرۆڤەی یارییەکانی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا، مامۆستا زیاد، وەرزشوانی خۆشەویست لە شەقامی وەرزشی کوردستان، میوانی رووداو بوو. کە تێیدا شرۆڤە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سێ یاریی دیکەی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان کرا، و تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە رووماڵێکی بەرفراوانی هەبوو.
 
سێ بووڵتەن
 
لە رووماڵی نۆیەم رۆژدا، سێ بووڵتەنی هەواڵ لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40 بەڕێوەچوون و بە گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیێنران.
 

 

میوانی تایبەت
 
لە نۆیەم رۆژدا، رووداو میوانێکی تایبەتی هەبوو، کە مامۆستا زیاد، وەرزشوانی خۆشەویست لە شەقامی وەرزشیی کوردستان، سەرۆکی پێشووی یانەی شەقڵاوە و مامۆستای زانکۆ، میوانی رووداو بوو. ئەو بەپێی ئەو شارەزاییەی لە تۆپی پێدا هەبوو، لەگەڵ سێ شرۆڤەکارەکەی رووداو شرۆڤەی یارییەکانی دەکرد. وێڕای ئەوەی باسی ئەو کاتانەی دەکرد کە سەرۆکی یانەی شەقڵاوە بوو. ئەو نەیشاردەوە کە هاندەری بەرازیلە، بەڵام لە ئەورووپا هاندەری پۆرتوگال و کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
 
3 یاری
 
لە نۆیەم رۆژی یۆرۆدا سێ یاریی ئەنجام دران، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی دووەمی یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەمدا، جۆرجیا و چیک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و هەردووکیان بە خاڵێک رازی بوون و بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
 
یاریی دووەم لەنێوان پۆرتوگال و تورکیا بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی هەمان کۆمەڵە، کە لەو یارییەدا پۆرتوگالییەکان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر تورکەکانیان شۆک کرد و کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرەڕای ئەوەی بۆ دوو یاری بەسەریەکەوە گۆڵی نەکردووە، بەڵام خۆی و هاوڕێکانی گەیشتنە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
سێیەم یاریی، یارییەکی بەهێزبوو، لەنێوان بەلجیکا و رۆمانیا بەڕێوەچوو، و لە یارییەکەدا کیڤن دی برۆین بەسەرکەوتوویی سەرکردایەتی بەلجیکای کرد بۆ بردنەوەیەکی گرنگ بە ئەنجامی 2-0 و هیواکانی زیندوو کردەوە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
 

شرۆڤەی یارییەکان
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە پۆرتۆگال ئاستێکی زۆر باشی پیشکێش کرد و بەپێچەوانەی یاریی یەکەمی ئەمجارە سەلماندی کە کە یەکێکە لە بەربژێرانی نازناوەکە. 
 
سەرمەد سامح، بۆچوونێکی لەسەر راهێنەران هەبوو، و گوتی "هەست دەکەم راهێنەران سوودیان لە یارییەکانی گەڕی یەکەم وەرگرتووە و لە دووەم یارییدا هەڵەکانیان چاککردووەتەوە و تیپەکانیان بەهێزتر بوون، بۆ نموونە پۆرتوگال و بەلجیکا.
 
کامەران نەسرەدین، پێیوابوو ئیتاڵیا کێشەی بۆ خۆی دروستکردووە و خۆی خستووەتە دۆخێکی خراپەوە و دەبێت کارێکی گەورە بکات و یاریی سێیەمی بباتەوە. هەروەها گوتیشی "لەوانەیە ئەڵمانیا رووبەڕووی ئیسپانیا ببێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەم ناگیلسمان بە عەقڵی خۆی ئەو بەربەستە ببڕێت".
 
ئەڵمان عارف، بەهەمانشێوە هاوڕابوو لەگەڵ کامەران نەسرەدین و پێیوابوو کە ئەڵمانیا توانیویەتی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات، بەڵام دەبێت ناگیلسمان گۆڕانکاری زیاتر لە یارییەکاندا بکات و یاریزانەکانی ماندوو نەکات".
 
نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا
 
لە بووڵتەنی 13:30ـدا، دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە شاری دۆرتموندەوە نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی یارییە گرنگەکەی نێوان تورکیا و پۆرتوگال وەرگرت. 
 
دڵنیا رەحمان، لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـیش لەنێو هاندەرانی تورکیادا بە لایڤ بەشداری بەرنامەکەی کرد و گوتی شاری دۆرتموند بەوە ناسراوە کە زۆرترین خەڵکی تورکیای لێیە. ئەو بەشێک لە ئاهەنگەکانی هاندەرە تورکەکانی گواستەوە، کە سەرەڕای دۆڕاندنی هەڵبژاردەکەیان لەسەر شەقامەکانی دۆرتموند ئاهەنگیان دەگێڕا. هەروەها بۆچوونی هاندەرانیشی وەرگرت.
  
 
بەرنامەی یۆرۆی 2024
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە مامۆستا زیاد، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو. کە جگە لەوەی باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ وەرزشدا هەیە، شرۆڤەی یارییەکانیشی دەکرد و لەنێو ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـدا گۆرانی "کاڵێ هەی کاڵێی.." گوت، کە مامۆستا زیاد بەو گۆرانییە ناسراوە، چونکە ئەوکاتەی سەرۆکی یانەی شەقڵاوە بوو، لەگەڵ هاندەرانی یانەکەی هانی تیپەکەی و یاریزانەکانی دەدا و ئەو گۆرانییەی دەگووتەوە.
 

 
خەڵاتی مۆبایلی رووداو
 
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، محەممەد کارێزی، لە شەقڵاوە بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی مۆبایلەکەی رووداو راکێشا و بۆ داوا فەرهاد دەرچوو.
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 
خەڵاتی لیرەی رووداو
 
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یارییەکەی یەکەمیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی سێیەم لە نێوان بەلجیکا و رۆمانیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە هاوکاە شەمسەدین عەزیز بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. ئەو خەڵکی هەولێرە و شۆفێری پاسە لە رێگەی نێوان هەولێر و تورکیا.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
 
خەڵاتی تەلەڤزیۆنی رووداو
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بووە بەشی نەهرۆ عەلی قادر، کە تەمەنی 31 ساڵە، خەڵکی هەولێرە و وەستای شیشە. ئەو گوتی "من هاندەری ئەرجەنتینم، بەڵام سەیری یارییەکانی یۆرۆش دەکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە