رووداو دیجیتاڵ
یانەی دالکوردی سوێدی، دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ شێرکۆ کەریم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق واژۆبکات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە یانەی دالکورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "چاومان لە گواستنەوەی شێرکۆ کەریمە و دەمانەوێت بە گواستنەوەی ئەو و ژیلوان حەمەد بۆ تیپەکەمان، کار بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێزبکەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ نێو رکابەرییەکان".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دالکورد دەیەوێت سوود لە پەیوەندییەکانی رێوان ئەمین وەربگرێت لەگەڵ شێرکۆ کەریم بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازی بکەن بچێتە یانە سوێدییەکە.
دالکورد لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەنجامەکانی زۆر خراپبوون و بۆ خولی پلە دووی سوێد دابەزی، بۆیە زەحمەتە شێرکۆ کەریم بچێتە یانەکە.
دوای بەشداریکردنی لە جامی کەنداودا و بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، یانەی کوێتی کوێتی گرێبەستی شێرکۆ کەریمی هەڵوەشاندەوە، یانەی هەولێر ماوەیەکی زۆرە کار بۆ گەڕاندنەوەی یاریزانەکە دەکات، بەڵام هێشتا شێرکۆ کەریم بڕیاری خۆی نەداوە.
شێرکۆ کەریم، پێشتر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "عەلی عاشوور، راهێنەری یانەی کوێتی کوێتی بەهۆی ئەوەی رازی نەبوو من بەشداری لە جامی کەنداوی 25 بکەم لە بەسرە، بڕیاریدا من لە ریزی یانەکە دووربخاتەوە، چونکە من بە قسەی ئەو و کارگێڕیی یانەکەم نەکرد و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقدا بەشداریم لەو پاڵەوانێتییەدا کرد کە بووینە پاڵەوان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ