رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەدەچن، چوار یاریی دەکرێن و یانەی شورتەی عێراقی دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆمار بکات.
ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی چوار یاری، رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا دەستپێدەکات، یانەی شورتەی عێراقی لە یاریگەی کەربەلا میوانداریی یانەی پاختاکۆری ئۆزبەکستانی دەکات و دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆمار بکات.
شورتە لە دوو یاریی رابردوودا، یەکسانبوونێکی بەرامبەر نەسڕی سعودی هەبووە و یارییەکیشی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر یانەی هیلالی سعودی دۆڕاندووە، ئەمڕۆ دەیەوێت یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆمار بکات.
یارییەکە کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت، ئەحمەد سەڵاح، راهێنەری یانەی شورتە بەر لە یارییەکە گوتی "هەموو شتەکان ئەرێنین بۆ یارییەکە، دەمانەوێت قەرەبووی دۆڕانەکەی بەرامبەر هیلال بکەینەوە و بە بیرکردنەوەیەکی بەهێزەوە یارییەکە ئەنجامدەدەین."
راهێنەری شورتە زیاتر گوتی "یارییەکە بەشێوەیەکی زۆر جیاواز لە یارییەکانی خول ئەنجامدەدەین و دەمانەوێت هەموو ئەو هەڵانە چارەسەر بکەین کە لە یارییەکانی رابردوودا کردوومانە."
لە یارییەکی دیکەدا کە هەمان کات بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی عەینی ئیماراتی و هیلالی سعودی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هیلال هەردوو یاریی رابردووی بردووەتەوە و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، لە بەرامبەردا عەین لە دوو یاریی رابردوودا دۆڕانێک و یەکسانبوونێکی هەیە و چاوی لەوەیە سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لە وەرزی نوێدا تۆماربکات.
لە وەرزی رابردوودا هەردوو یانە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و عەین بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 5-4 لە یانە سعودییەکەی بردەوە و دوای ئەوەش بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بۆیە یارییەکەی ئەمشەو بۆ هەردوولا زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت.
هیلال لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لەم وەرزەدا لە کۆی 9 یاری لەسەر ئاستی سعودیە و ئاسیا، سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەمشەو یانەکە دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
هەر لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، یانەی سەدی قەتەری بەرامبەر پێرسپۆلیسی ئێرانی یاری دەکات و رەیانی قەتەری میوانداری یانەی ئەهلی سعودی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ