رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، دووەم تۆمەتی فێڵکردن، ئاراستەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کراوە، پاشئەوەی بڕێک پارەی بۆ وەربەرهێنێک نەگەڕاندووەتەوە.
رادیۆی 'کادینا سێر' دەڵێ، دادگای 21ی بارسێلۆنا، سکاڵایەکی لە دژی خوان لاپۆرتا و خوان ئۆلیڤێی هاوبەشی وەرگرتووە، لەبەرئەوەی بڕی 50 هەزار تۆرۆی وەبەرهێنێکیان نەداوەتەوە.
سەرچاوەکە هەروەها دەڵێ، لاپۆرتا دووپاتیکردووەتەوە کە پێشتر وەبەرهێنانی لە یانەی روسی خولی پلە دووی ئیسپانیا کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە یانەکە مایەپوچبوونی خۆی راگەیاندووە.
لاپۆرتا هەروەها وەبەرهێنانی لە کۆمپانیایەکی هۆنگ کۆنگیشدا کردووە.
بەر لە دوو هەفتە، لاپۆرتا و ئۆلیڤێ، سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا، لەبەرئەوەی رازینەبوون بڕی 4.7 ملیۆن یۆرۆ بەوەبەرهێنێک بدەنەوە.
پارە نەدانەوەکەی سەرۆکی بارسێلۆنا، پەیوەندی بەدۆخی دارایی یانەکەوە هەیە، پاشئەوەی لە ماوەی رابردوودا دووچاری تەنگژەیەکی دارایی قورس بووەوە.
لاپۆرتا کە دووەمجارە سەرۆکایەتی بارسێلۆنا دەکات، بەڵێنی باشکردنی دۆخی دارایی یانەکەیداوە.
دەستەی گشتیی ئەندامانی بارسێلۆنا، رەزامەندی لەسەر راپۆرتی دارایی ساڵی 2023 - 2024ی یانەکەدا، ئەگەرچی ناڕەزایەتیی لەنێو ئەندامانی یانەکەدا هەبوو.
452 ئەندام پشتگیریی راپۆرتە داراییەکەیان کرد و 156 ئەندامیش رەتیانکردەوە.
ئەندامانی گشتیی بارسێلۆنا، هەروەها بودجەی ساڵی داهاتووی یانەکەیان پەسندکرد بەزۆرینەی 409 دەنگ بەرامبەر 75 دەنگی ناڕازی. لە کاتێکدا کە داهاتی پێشبینیکراوی یانەکە لە ساڵی داهاتوودا پێشبینیکراوە بگاتە 893 ملیۆن یۆرۆ، بەرامبەر بە 873 ملیۆن یۆرۆ خەرجیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ