ڤیدیۆ؛ کۆپا ئەمریکای نێو زیندان دەستیپێکرد

20-06-2024
ئیحسان تاهیر
کۆپا ئەمریکای نێو زیندان
کۆپا ئەمریکای نێو زیندان
نیشانەکردن کۆپا ئەمریکای نێو زیندان پیرو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرلەوەی بەرەبەیانی سبەی کۆپا ئەمریکا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێبکات، لە پێرو کۆپا ئەمریکای نێو زیندان دەستیپێکرد.
 
دەسەڵاتدارانی پێرو پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێیان لە نێوان زیندانیانی زیندانەکانی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور رێکخست، کە ناویان لێناوە جامی چاکسازی پێرو.
 
زیندانییەکان بە کەلەپچەوە دەگەنە یارییەکە، بۆ ئەوەی بەشداری یارییەکە بکەن، کە لە کەشێکی زستانەدا لە لیمای پایتەختی وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچێت.
 
زیندانییەکان بەسەر چەند تیپێکدا دابەشبوونە و هەر تیپێک درێسی هەڵبژاردەیەکی  بەشداری پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا لەبەردەکەن، وەک بەرازیل و ئەرجەنتین. هەروەها دەرفەت بە هەموو زیندانیان دەدرێت ئامادەی بینینی یارییەکان ببن، بەڵام لەژێر چاودێریی پۆلیس و ئەفسەرانی زینداندا.
 
یەکێک لە زیندانییەکان بەناوی هومبێرتۆ مۆنتێرۆ وەک ماسکۆتی پاڵەوانێتییەکە رۆڵ دەگێڕێت و جل و بەرگی پەمەیی لەبەردایە و هەوڵدەدات کەشێکی جەژنانە بۆ یارییەکە دروست بکات.
 
ئەو دەڵێت "ئەم پاڵەوانێتییە ئاراممان دەکاتەوە و گۆڕانکاری لە رۆتینەکەماندا دەکات، وامان لێدەکات شتەکانی دیکە بدۆزینەوە کە لەکاتی دەرچوونمان لە زیندان ئەنجامی بدەین، بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ژیانی پێشوومان".
 
خاڤیێر لاک، لە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکانی پیرو، هانی زیندانییەکان دەدات رێز لە یاسا بگرن.
 
خاڤیێر لاک، دەڵێت "ئەگەر رێز لە یاسا بگرن، لەم حاڵەتەدا ناوبژیوانی یارییەکە سەرکەوتوو دەبێت".
 
لەو پاڵەوانێتییەدا 12 تیپ بەشداری تێدا دەکەن، کە لە 12 زیندانی ناوچەی کەناراوەکانی زەریای هێمن لە پێرو هاتوون، کە وڵاتەکە بەگشتی 68 زیندانی هەیە.
 
زیاتر لە سەد زیندانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارییان کردووە، و بەپێی کارگێڕیی زیندانەکان، بەشداربووان ئەوانەن کە لە ریزی باشترین زیندانییەکاندا لە رووی رەفتا و هەڵسوکەوتەوە.
 
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەسەر یاریگای نیشتمانی لیما بەڕێوەبچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە