ئیتالیا بۆ پاراستنی مێژوو بەرامبەر وێڵز یاریدەکات

20-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیتالیا یۆرۆی 2020
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ ئیتالیا لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2020 ئەنجامدەدات بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێیەمین بردنەوەی، کاتێک رووبەڕووی وێڵز دەبێتەوە.

یاریزانانی ئیتالیا سەلماندیان کە رۆبيرتۆ مانچینی سەرکەوتوو بووە لە سەرکردایەتیکردنی هەڵمەتی نوێردنەوە و دووبارە بونیاتنانەوەی هەڵبژاردەی ئازووری، کە دوای شکستە گەورەکەی ئەو هەڵبژاردەیە لە مۆندیالی 2018 ئەو ئەرکەی وەرگرت.

ئیتالیا دەیەوێت بەردەوام بێت لە تۆمارکردنی مێژوو، کە 29 یارییە بەسەریەکەوە تووشی شکست نەبووە، بەدیاریکراوی داویین دۆڕانی بۆ 10ـی مانگی 9ـی ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، کاتێک بە گۆڵێک بە هەڵبژاردەی پۆرتوگال دۆڕا.

ئیتالییەکان کە پێشەنگیی کۆمەڵەی یەکەمیان گرتووە، بە 6 خاڵ لە دوو یارییدا و 6 گۆڵیان کردووە و هیچیان لێنەبووە، بەفەرمی گەیشتوونەتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کەمتەرخەمییەک لەم یارییەدا ناکەن، هەوڵدەدەن پێگە و پێناسەیان هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە و بە ورەیەکی بەرزەوە بچنە قۆناخی دواتر، بۆیە بە ئامانجی بردنەوە لە وێڵز یاریی دەکەن، کە ئەمەی دواییش 4 خاڵی هەیە و بە سەرکردایەتی گاریس بەیڵ سەلماندوویەتی کە تیپێکی بەهێزە و دەکرێت کێشە بۆ تیپی ئازووری دروست بکات.

ئەوەی گرنگە بۆ ئیتالیا ئەوەیە کە گەڕاوەتەوە نێو ریزی گەورەکانی کیشوەرەکە، بەڵام ئەمجارە بەشێوازێکی هێرشبردنی سەرنجڕاکێشەوە، کە هەمیشە ئەو هەڵبژاردەیە بە شێوازی بەرگری پۆڵایین ناسراوە.

لە رووی مێژووییەوە ئیتالییەکان بەسەر وێڵزییەکانەوە باڵادەست بوونە، کە لە مێژووی خۆیاندا 6 جار ئەو دوو هەڵبژاردەیە رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، ئیتاڵیا 5 یاری بردووەتەوە و وێڵز تەنیا لە یارییەکدا سەرکەوتنی بەسەر ئازوورییەکاندا بەدەستهێناوە.

لە هەمان کۆمەڵە و لە هەمانکاتدا ئەمڕۆ تورکیا و سویسراش یارییەکی گرنگ دەکەن، کە سویسرای خاوەن خاڵێک بە بردنەوە دەتوانێت بگاتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، چونکە بێجگە لەوەی ئەگەری دوومبوونی کۆمەڵەکەی هەیە، ئەگەر وێڵز بە ئیتالیا بدۆڕێت، هەروەها دەکرێت وەک سێیەمیش سەربکەوێت.

تورکیاش کە لە دوو یارییدا دوو دۆڕان هەیە و بێ خاڵ لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەکەدایە، ئەگەر بتوانێت لە سویسرا بباتەوە، هیوایەکی دەبێت وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان بلیتێکی قۆناخی 16 بەدەستبێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە