حاجی کاروان لە شەشەم رۆژی رووماڵی یۆرۆی 2024ـدا میوانی رووداو بوو

20-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 رۆژی شەشەم
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

 

شەشەم رۆژی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 بوو، و یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان بەڕێوەچوون، تۆڕی میدیای رووداو وەک هەمیشە رووماڵێکی پڕ زانیاری و شرۆڤە و پڕ بینەری هەبوو.
 
سامان وڵاتژێری رووماڵی شەشەم رۆژی رووداوی بۆ یۆرۆی 2024 بە بووڵتەنی کاژێر 8:30 دەستپێکرد، و لە رێگەی گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداو گەیاند.
 
لە شەشەم رۆژدا، رووداو میوانێکی تایبەتی هەبوو، کە حاجی کاروان، بانگخواز و کەسایەتی دیاری شاری هەولێر بوو، وێڕای سێ شرۆڤەکارەکەی رووداو، کە لە رێگەی پەیج و بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی یارییەکانیان دەکرد. 
 
سێ یاریی ئەنجام دران، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی دووەمی یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، کرواتیا و ئەلبانیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بە ئەنجامی 2-2 یەکسان بوون.
 

شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و سەرمەد سامح، لەبارەی ئەو یارییەوە، گوتی "پێموانییە کرواتیا هیوایەکی ئەوتۆی بۆ گەیشتن بە قۆناخی 16 مابێت. چونکە ئەو ناتوانێت زیاتر لەوە پێشکێش بکات کە تاوەکو ئێستا کردوویەتی و لە دوو یارییدا تەنیا خاڵێکی هەیە".
 
لە بووڵتەنی 13:30ـدا، دڵنیا رەحمانی، نێردراوی رووداو لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی یارییەکانی رۆژ وەرگرت.
 
یاریی دووەم لەنێوان ئەڵمانیا و هەنگاریا بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمدا، کە تیایدا ئەڵمانیای خاوەن خاک بەردەوام بوو لەسەر پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە هیچ یارییەکەی بردەوە.
 
شرۆڤەکارانی رووداو لەبارەی ئەو یارییەوە، پەسنی ئەڵمانیایان دا و کامەران نەسرەدین دووپاتیکردەوە کە ئەڵمانیا نەخۆش دەکەوێت، بەڵام نامرێت، چونکە ئەڵمانەکان عەقڵیەتی هەستانەوەیان هەیە.
 
ئەڵمان عارفیش بەهەمانشێوە، لەو باوەڕەدا بوو کە ئەڵمانیا، تیپێکی هەرە بەهێزی پاڵەوانێتییەکەیە و دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.
 
سێیەم یاریی لە نێوان سکۆتلاند و سویسرا بەڕێوەچوو، و یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهات.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە حاجی کاروان، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو. کە جگە لەوەی باسی کارە خێرخوازییەکانی کرد،  شرۆڤەی یارییەکانیشی دەکرد و نەیشاردەوە کە هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیلە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشداری لە یۆرۆدا ناکات، لە ئەورووپا هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە.
 
حاجی کاروان باسی لەوە دەکرد کە زۆر سەرسامە بە عەقڵیەتی ئەورووپییەکان و گوتی "شکست ئەوەیە تۆ دوای کەوتن هەستیتەوە. ئەوان کە کەوتنیش زوو هەڵدەستنەوە. بێئومێد نابن و تاوەکو دواسات هەوڵدەدەن و بۆ ئەوەش نموونەی بە ریمۆنتادا بەنێوبانگەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان هێنایەوە".
 
ئەو بانگخوازە، رێنمایی گەنجانیشی کرد کە بایەخ بە تۆپی پێ بدەن و گوتی "تۆپی پێ باشترین کارە بۆ ئارامی دەروونی".
 

لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، هەردی محەممەد. لە کەرکووکەوە بۆچنی هاندەرانی یۆرۆی وەردگرت و تیروپسکی بۆ خەڵاتی مۆبایلەکەی رووداو راکێشاو بۆ گەنجێکی عەرەب بە ناوی ئیبراهیم محەممەد دەرچوو.
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، کامەران نەسرەدین و ئەڵمان عارف بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی سێیەم لە نێوان سکۆتلاند و سویسرا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە خانمێک بووە براوەی خەڵاتەکە کە ناوی دونیا عەتا مەحموودە، کابانی ماڵە و دانیشتووی هەولێرە. ئەو خانمە بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. 
 

خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو، لە پارکێکی هەولێر، چووە لای نوور سەبری، ئەستێرە و گۆڵپارێزی بەنێوبانگی عێراقی. ئەو باسی لە ئارامی و کەشی خۆشی هەولێر کرد و گوتی خەڵکێکی زۆر لە پارک و شوێنەکانی گەشتیاری سەیری یارییەکانی یۆرۆ دەکەن.
 
نوور سەبری، پەسنی ئاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیسپانیا دا و دووپاتیکردەوە کە ئەو دوو هەڵبژاردەیە کۆمەڵێک یاریزانی لاوی بەتوانایان لە ریزەکانیاندا هەیە.
 
ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، ئاشکراشی کرد کە هاندەری هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و سەرسامە بە ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە.
 
نوور گوتیشی هەندێک وشەی کوردی وەک "زۆر سوپاس" دەزانم.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی  وەرگرت.
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بۆ رێبین رزگار دەرچوو، کە لە کۆمپانیایەکی ئەهلی کاردەکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە