پلانێکی گەورە لە میلانەوە بۆ ئیبراهیمۆڤیچ و تیپەکە

18-11-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەیسی میلان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی، پلانێکی گەورەی و ئامادەکردووە و دەیەوێت بە کۆمەڵ گرێبەستی بەشێکی یاریزانەکانی و راهێنەرەکەی نوێبکاتەوە.

میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، کارگێڕیی یانەی میلان هەوڵەکانی بۆ پاراستنی بەشێکی یاریزانەکانی، گواستنەوەی یاریزانی نوێ و نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکەی دەستپێکردووە و دەیەوێت لە ماوەیەکی کەمدا زۆرینەی کارەکان تەواوبکات.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرت " زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و میلان لەسەر ئەوە رێککەوتوون گرێبەستی نێوانیان بۆ وەرزێکی دیکە نوێبکرێتەوە، بۆ ئەوەش لەسەرەتای ساڵی داهاتوو رێککەوتنەکەیان واژۆدەکەن و ئیبرا وەرزێکی دیکە لەگەڵ رۆسۆنێری بەردەوامدەبێت."
 
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی میلان کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکات، ئالیسیۆ رۆمانیۆلی، کاپتنی یانەکەیە و بەپێی دوایین پێشهاتەکان ئەمڕۆ ئێوارە کۆبوونەوەیەک لەنێوان رۆمانیۆلی و مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی دەکرێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا رایۆلا لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئیتاڵییەکە کۆببێتەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێت " لە گرێبەستە نوێیەکەدا رۆمانیۆلی مووچەکەی بۆ 3.5 ملیۆن یۆرۆ یان 4 ملیۆن یۆرۆ بەرزدەکرێتەوە و پاداشتیشی لەگەڵ دەبێت."
 
ریناتۆ سانچێز، یاریزانی یانەی لیلی فەرەنسی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، یەکێک لە ئامانجەکانی یانەی میلان لە گواستنەوەی زستانەدا، بەتایبەت کە فرانک کیسێ، داهاتووی لەگەڵ یانەکە دیارنییە و هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە لەگەڵ یانەکە نییە.
 
میلان دەیەوێت ریناتۆ سانچێز بباتە ریزەکانی و جێگەی کیسێ بەو یاریزانە پڕبکاتەوە.
 
جگە لە یاریزانەکان کارگێڕیی یانەی میلان زۆر لە ئەنجامەکانی ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەکە رازییە و دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2024 نوێبکاتەوە.
 
میلان لەم وەرزەی سێریا ئەیدا ئەنجامەکانی زۆرباشن و لە 12 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 10 بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ یانەی ناپۆلی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە