میلان گڕی بەردایە کۆمەڵەی ئاگرین و سیتی هەنگاوی یەکەمی بە سەرکەوتوویی بڕی

08-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ پاریس سانجیرمان ئەیسی میلان بۆروسیا دۆرتمۆند نیوکاسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوێکی دیکەی چامپیۆنزلیگ کۆتایی هات و ئەمجارەشیان چەندین گۆڵی ناوازە و رووداوی سەرنجراکێشی لە خۆگرتبوو. 
 
 
بۆروسیا دۆرتمۆند vs نیوکساڵ یونایتد
سەرەتا لە کاژێر 20:45 لە یاریگەی سیگناڵ ئێدونا پاڕك دۆرتمۆند میوانداری نیوکاسڵ یونایتدی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 لێ بردەوە. دۆرتمۆند یاری پێشووی ناو یاریگەی سەینت جەیمس پارك لە نیوکاسڵ بردبووەوە، لەم یارییەشدا بێ ئەوەی تووشی هیچ زەحمەتییەك بێت توانی جارێکی دیکە لە یانە ئینگلیزییەکە بباتەوە. هەریەکە لە نیکلاس فولکروگ و جولیان براندت گۆڵەکانی دۆرتمۆندیان تۆمارکرد و سێ خاڵی زێڕینیان بەخشیە زەردپۆشەکانی ئەڵمانیا. بۆ چوارەمین جار لەسەر یەك دۆرتمۆند توانی لە یاریگەی خۆیدا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی بپارێزێت و بەم بردنەوەیە دۆرتمۆند بووە خاوەنی حەوت خاڵ و لە پێشەنگی کۆمەڵەکەی دێت. 

 

شاختار دۆنێتسك vs بارسێلۆنا
لە هەمان کاتدا و لە یارییەکی دیکەدا، بارسێلۆنا بووە میوانی شاختار دۆنێتسك. بارسێلۆنا یەکەمین سێ یاری خۆی لە چامپۆنزلیگ بردبووەوە و لەم یارییەدا تەنیا پێویستی بە یەك خاڵ بوو تاکو سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر بکات، بەڵام دانیلۆ سیکان بە لێدانێکی سەری بەهێز توانی تاکە گۆڵی یارییەکە لە بەرژەوەندی شاختار تۆمار بکات و یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی شاختار کۆتایی هات و بارسای پاڵەوانی لالیگا لە چامپیۆنزلیگ تووشی یەکەم شکستی ئەم وەرزەی بوو. 
 
ئەیسی میلان vs پاریس سانجێرمان
لە بەهێزترین یاری شەوەکەدا، یاریگەی سانسیرۆ ئەیسی میلان میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد. میلان شکرینیار توانی بە لێدانێکی سەر گۆڵی یەکەم لە بەرژەوەندی پاریس تۆمار بکات. دواتر تەنیا دوای سێ خولەك، رافایل لیاو توانی بە گۆڵێکی جوان ئەنجامەکە بۆ رۆسۆنێری یەکسان بکاتەوە. دواتر لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 50ـی یارییەکەدا ئۆلیڤیەر ژیرۆ توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ میلان تۆمار بکات و 75 هەزار هاندەری ئامادەبووی یاریگەی سانسیرۆ بهەژێنێت و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی میلان کۆتایی هات. بەم دۆڕانە پاریس سانجێرمان دابەزیە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی و خاوەنی شەش خاڵە. میلانیش بە بردنەوەی ئەم یارییە هاتە پلەی سێیەم و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو زیندوو کردەوە و بە پێنج خاڵ لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی دێت.

 

 
ئەتلەتیکۆ مەدرید vs سێڵتیك
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریگەی واندا مێترۆپۆلیتانۆ گۆڵبارانی سێڵتیکی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 6-0 لێ بردەوە. هەر لە سەرەتاوە و لە خولەکی شەشی یارییەکەدا، ئەنتوان گریزمان توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ ئەتلەتیکۆ تۆمار بکات. دواتر لە خولەکی 23 یاریزانێکی سێڵتیك بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و یانە سکۆتلەندییەکە ناچار بوون بە 10 یاریزانەوە یارییەکە تەواو بکەن. لە خولەکی زیادکراوی گێمی یەکەمدا، ئەلڤارۆ مۆراتا توانی گۆڵی دووەم بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید تۆمار بکات. دواتر لر گێمی دووەمدا جارێکی دیکە گریزمان گەڕایەوە و توانی یەکێك لە جوانترین گۆڵەکانی ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگ تۆمار بکات و جیاوازییەکە بۆ سێ گۆڵ زیاد بکات. ئەتلەتیکۆ لە گۆڵکردن نەوەستان و لە رێگەی هەریەکە لە ساموێل لینۆ، مۆراتا و ساول نیگوێز سێ گۆڵی دیکەیان تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 6-0 لە بەرژەوەندی ئەتلەتیکۆ کۆتایی هات. بەم بردنەوەیە ئەتلەتیکۆ مەدرید بووە خاوەنی هەشت خاڵ و هاتە پلەی پێشەنگی کۆمەڵەکەی. 
 
لازیۆ vs فاینۆرد
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، لازیۆ لە یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ میوانداری فاینۆردی کرد. لە گێمی یەکەمدا هەردوو یانە بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و چەندین هەلی مەترسیداریان لەدەستدا، تاکو لە کاتی زیادکراوی گێمی یەکەمدا چیرۆ ئیمۆبیلێ توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ لازیۆ تۆمار بکات. لە گێمی دووەمدا لازیۆ بەدوای زیادکردنی جیاوازییەکە دەگەڕا و فاینۆردیش دەیویست ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبون و یارییەکە بە تاکە گۆڵی ئیمۆبیلێ کۆتایی هات و لازیۆ بە ئەجامی 1-0 لە فاینۆردی بردەوە. بەم بردنەوەیە لازیۆ کۆی خاڵەکانی بۆ حەوت خاڵ بەرز کردەوە و هاتە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە. 
 
مانچێستەر سیتی vs یۆنگ بۆیس
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری یۆنگ بۆیسی کرد. هەر لە سەرەتاوە سیتی بە هێرشبردن دەستی پێکرد و توانی لە رێگەی ئێرلینگ هالاندەوە گۆڵی یەکەم تۆمار بکات. دواتر فیڵ فۆدین توانی گۆڵی دووەم تۆمار بکات و گێمی یەکەم بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژدەوەندی سیتی کۆتایی هات. دواتر لە گێمی دووەمدا جارێکی دیکە هالاند گەڕایەوە و توانی بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی سێیەم بۆ سیتی تۆمار بکات. بەم بردنەوەیە مانچێستەر سیتی بووە یەکەم یانە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەربکات و هێشتا دوو یاریشی ئەنجام نەداوە. 
 
لایپزیگ vs سرڤێنا زڤێزدا
لە هەمان کۆمەڵە و لە یارییەکی دیکەدا، لایپزیگ رووبەروی سرڤێنا زڤێزدا بووەوە. لایپزیگ توانی لە رێگەی هەریەکە لە چاڤی سیمۆنس و لویس ئۆپێنداوە دوو گۆڵ تۆمار بکات و دواتر لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، بێنیامین هێنریکس گۆڵێکی بە هەڵە لەخۆیان  تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی لایپزیگ کۆتایی هات. بەم بردنەوەیە لایپزیگ هاتە ریزی مانسیتی و وەك دووەمین یانەی ئەم وەرزە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر کرد. 
 
پۆرتۆ vs رۆیال ئانتوێرپ
لە یاریگەی دراگاو پۆرتۆ میوانداری رۆیال ئانتوێرپـی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 لێ بردەوە. لە خولەکی 32ـی یارییەکە، ئێڤانیلسۆن توانی گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن بۆ پۆرتۆ تۆمار بکات. دواتر پێپێـی تەمەن 40 ساڵ بووە بەتەمەنترین یاریزان لە مێژووی چامپیۆنزلیگ گۆڵ تۆمار بکات کاتێك لە خولەکی 91ـدا گۆڵی دووەمی بۆ پۆرتۆ تۆمار کرد و سێ خاڵی گرنگی بە یانەکەی بەخشی. بەم بردنەوەیە پۆرتۆ بووە خاوەنی نۆ خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ بارسێلۆنا لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە