مانێ لەبارەی دەرکردنی لە بایرن چیدەڵێت؟

18-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن سادیۆ مانێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گومانەکان لە چواردەوری بەردەوامبوونی سادیۆ مانێ، لە یاریکردن بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەردەوامە، بەتایبەت پاشئەوەی میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکرد، بایرن بڕیاریداوە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا.
 
مانێ پێشتر، لە دوای یاری نێوان مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ سانێدا بووە دەمەقاڵەی و لەبەرئەوەی بۆکسێکی لەو یاریزانە دابوو، بایرن میونشن مانێی بە راگرتن بۆ یارییەک سزادا و بڕی 300 هەزار یۆرۆش مووچەبڕی کرد.
 
لە چەند کاژێری رابردوودا، میدیاکان ئەوەیان ئاشکراکرد کە بایرن میونشن بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزدا دەستبەرداری مانێ ببێت.
 
تۆڕی 'سکای سپۆرتی ئەڵمانیا' هەڵوێستی مانێی لەبارەی ئەو رووداوەوە ئاشکراکردووە، دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە مانێ دەیەوێت بوونی خۆی لە ئالیانز ئارێنا دووپات بکاتەوە.
 
وەک تۆڕەکە دەڵێ، مانێ نایەوێت بەو خێراییە لە بایرن بڕوات، بەتایبەت کە تۆماس توخێلی راهێنەری نوێی یانەکە پشتگیری دەکات و بایەخی پێدەدات. لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیشدا رایگەیاندبوو کە ئەو بەرگریکەری یەکەم دەبێت لە مانێ دوای گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی یانەکە، لە پاش کۆتاییهاتنی سزاکانی سەری.
 
وێڕای ئەو پشتگیرییەی توخێل، میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە کە بۆچوونێک لە نێو دەستەی کارگێڕیی بایرندا هەیە کە پێیوایە مانێ چیدی توانای خۆسەلماندن لەگەڵ یانەکەی نییە بەهۆی تەمەنەوە و ئەو کێشانەی لە ماوەی رابردوودا دروستیکردوون، بەردەوام دەبن.
 
تۆڕی 'سکای سپۆرت ئەڵمانیا' هەروەها دەڵێ، مانێ بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانە وەردەگرێت و ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بەسەر بودجەی یانەکەوە دروستکردووە، چونکە بەرزترین مووچەیە لە یانەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە